سەرۆکی پارتی کۆمارییەکان لە واشنتن بۆ رووداو: ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ زۆر بەهێزە

05-11-2024
رێبەر حوسێن
پاتریک مارا، سەرۆکی پارتی کۆمارییەکان لە واشنتن
پاتریک مارا، سەرۆکی پارتی کۆمارییەکان لە واشنتن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی کۆمارییەکان لە واشنتن دەڵێت، ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ و کۆمارییەکان زۆر بەهێزە، گرنگترین هۆکاریش کە وادەکات سەربکەون "ئابووری و ئاشتیی ئەمریکایە". لەبارەی سیاسەتی ترەمپیش لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەتایبەت کورد، دەڵێ "هاوپەیمانیی لەگەڵ هاوبەشەکانی بە نزیکی دەهێڵیتەوە."
 
رۆژی سێشەممە، 5-11-2024 پاتریک مارا، سەرۆکی پارتی کۆمارییەکان لە واشنتن لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد. 
 
پاتریک مارا لە وەڵامی پرسیاری رووداو لەبارەی ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ و کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، گوتی،"پێموایە ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ و کۆمارییەکان زۆر بەهێزە.  ئەوە روونە کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش دەزانن ئەنجوومەنی پیران کە ئێستا لەدەست دیموکراتەکانە دەکەوێتە دەست کۆمارییەکان."
 
پاتریک مارا لەبارەی هۆکارەکانی دەنگدان بە کۆمارییەکان گوتی، "پێش هەموو شتێک سەیر بکەن لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا چی روویداوە، ئەمریکییەکان پارەی زیاتر لە گیرفانیان دەردەهێنن بۆ ئەوەی شمەک و کەلوپەلی سەرەکی بکڕن. گاز و بەنزین گران بوون، هەروەها هەڵاوسان زۆر بەرز بووە. ئێستا چەند جەنگێک روودەدەن بۆیە ئابووری و ئاشتی دوو گرنگترین هۆکارن بۆ ئەوەی دەنگدەران دەنگ بە کۆمارییەکان بدەن."
 
لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ لەکاتی سەرۆکایەتی، پاتریک مارا گوتی، "ترەمپ هەمیشە گوتوویەتی نایەوێت ئەمریکا بچێتە نێو هیچ شەڕێکەوە و ئەمریکا لەپێش هەموو شتێکە. بەڵام بێگومان لەگەڵ هاوپەیمانانی رێگری لە دروستبوونی ئەو شەڕانە دەکات."
 
لە وەڵامی ئەوەی 'ئایا ئەگەر ترەمپ ببێتەوە سەرۆک، هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکشێنێتەوە؟' پاتریک مارا گوتی "قورسە ئێستا شتیک بڵێم، جۆرە کشانەوەیەک دەبێت، بەڵام پێموانییە هەموو هێزەکە لەوێ بکشێتەوە، چونکە نابێ بارودۆخێک دروستبکەی کەسە خراپەکان بێن و شوێنەکە پڕبکەنەوە، بۆیە پێم وانییە کشانەوەیەکی تەواو هەبێت، پێموایە بەشێک لە هێزەکە لەناوچەکە دا دەمێننەوە."
 
پاتریک مارا هەروەها لەبارەی روانگەی کۆمارییەکان لەبارەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی "هەرچی هاوڕێ و هاوپەیمانی باشی ئەمریکان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا دەمێننەوە."
 

دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: پێتوایە ئەگەری سەرکەوتن و بردنەوەی کۆمارییەکان چەند بەهێزە؟
 
پاتریک مارا: پێموایە ئەگەرێکی زۆر بەهێزە، روونە کۆماری و دیموکراتەکانیش دەزانن ئەنجوومەنی پیران کە ئێستا لەدەست دیموکراتەکانە، دەکەوێتە دەستی کۆمارییەکان. سەبارەت بە بابەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، زۆر زۆر نزیکن لە یەکدی، بەڵام ئێمە لە دۆخێکداین دەتوانم بڵێم سەرۆک ترەمپ بەگوێرەی پێشبینییەکان و بەگوێرەی ئەو ژمارانەی هەن، دەبینین زۆر زیاترن لەو ژمارانەی لە 2020 هەبوون و لەو ژمارانەی لە هەڵبژاردنی 2016ـشدا هەبوون. سەرباری ئەمە لە ساڵی 2020 ئەو دەنگدانە پێشوەختەی هەبوو چ ئەوانەی خۆیان دەچوون دەنگیان دەدا یان بە پۆستە دەنگەکانیان دەنارد ئەوە ئێستا گۆڕاوە و دەبینین خەڵکێکی زۆر لە ویلایەتە یەکلانەبووەوەکان کە حەوت دانەن، پێموایە ترەمپ پێش هاریس دەکەوێت.
 
رووداو: چی وادەکات ئەمریکییەکان دەنگ بە کۆمارییەکان بدەن؟
 
پاتریک مارا: بەر لە هەموو شتێک سەیر بکەن لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا چی روویداوە؟ ئەمریکییەکان پارەی زیاتر لە گیرفانیان دەردەهێنن بۆ ئەوەی شمەک و کەلوپەلی سەرەکی بکڕن. گاز و بەنزین گران بوون. پارەی زیاتر دەدەن بۆ ئاو و کارەبا، هەڵاوسان زۆر زیاتر بووە و زۆر کێشەی گەورەی دروستکردووە، ئەمە هەموو خەتای ئیدارەی جۆ بایدنە؛ ئەمە یەکەم. دووەم لە ماوەی دەسەڵاتی ئیدارەی بایدن تێکەڵی چەند شەڕێک بووین، بەڵام کاتێک ترەمپ سەرۆک بوو، ئەمریکای لە شەڕەکان دەردەهێنا، کەچی ئێستا لەنێو چەند شەڕێکداین و لەسەر ئاستی جیهان چەند شەڕێک روویداوە. بۆیە ئابووری و ئاشتی دوو هۆکاری سەرەکین.
 
رووداو: لە ئەگەری سەرکەوتنی کۆمارییەکان، چ گۆڕانکارییەک بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دێت؟ 

 

پاتریک مارا: سەرۆک ترەمپ جیاوازە لەو کۆمارییانەی سەرۆکی ئەمریکا بوون، بۆ نموونە ئەگەر سەیری دیک چینی بکەیت کە پشتگیری لە کامالا هاریس کرد لەکاتێکدا خۆشی کۆماری بوو، ئەوانە هەر ئەوە بوون کە تیکەڵی شەڕ بوون. شەڕی عێڕاق و شەڕی دیکەش وەکو ئەفغانستان. بەڵام ترەمپ هەمیشە گوتوویەتی نایەوێ ئەمریکا بچیتە نێو هیچ شەڕێکەوە، ئەو گوتوویەتی ئەمریکا لەپێش هەموو شتێکە؛ لەگەڵ وەشدا لەگەڵ هاوپەیمانەکان بۆ رێگریکردنی لەو شەڕانە کاردەکات.
 
رووداو: ترەمپ بەوە تۆمەتبار دەکرێت پەیوەندیی لەگەڵ سەکردە تاکڕەوەکان هەیە، ئەگەر ترەمپ ببێتەوە سەرۆک ئەوە دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی ئەو سەرکردانە؟ 
 
پاتریک مارا: من پێموایە ئەو کاتەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا قسەی کرد لەسەر ئەو شتانەی پەیوەندیی بە سیاسەتی دەرەوە هەیە، هەندێک قسە دەکات راستە لەسەری کەوتووە لەو چوارچێوەیەدا، بەڵام هەمووان دەزانن لە راستیدا ئەو کارانە ناکات، کە لەو هەڵمەتانە هەندێک جار میدیای ئەمریکی باسی دەکەن، دەزانن میدیای ئەمریکی لە دژی ترەمپ وەستاوەتەوە بەڵام ئەو، ئەو کارانە ناکات.
 
رووداو: لەسەردەمی دەسەڵاتی ترەمپ کە سەرۆکی ئەمریکا بوو لە کۆتایی ساڵی 2019، هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان کشانەوە و هاوبەشەکانیان بەتەنیا جێهێشت، ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە ئەو سیاستە پەیڕەو دەکاتەوە؟ 
 
پاتریک مارا: سەیرکە! لە ناوچەکە تەماشا دەکەین هاوڕێ و هاوپەیمانەکانمان کێن؟ ئەوە پێوەرە سەرەکییەکەیە بۆ سیاسەتی دەرەوە، ئەگەر ترەمپ بووەوە بە سەرۆک. ئێستا قورسە بڵیم بابەتەکە چییە، بەڵام ئەوەی ئێستا بۆ ترەمپ گرنگە رەخساندنی هەلی کار و بابەتی ئابوورییە لەنێو ئەمریکا. هەنگاوی دووەم سیاسەتی دەرەوەیە، بەڵام ئەوە لەبەرچاو دەگرین کە نابێت تێکەڵی هیچ شەڕێک بین، بەڵام ترەمپ گوتوویەتی پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەهێزتر دەکات. لە رووی مێژووییەوە ترەمپ هەمیشە کاری لەگەڵ ئەوانە کردووە کە نزیکی بوون و ویستوویەتی پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دروست بکات، بینیتان لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور چاوپێکەوتنی کرد، ئەو دەیەوێت بەجۆرێکی دیکە ئەم بابەتانە چارەسەر بکات. ئەو، هەوڵدەدات لەگەڵ هەموو ئەو سەرکردانەی دژی ئەمریکان، پەیوەندی دروست بکات. 
 
رووداو: ئەگەر ترەمپ سەربکەوێت، ئەمریکا لە هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە بەردەوام دەبێت؟ 
 
پاتریک مارا: من، ناتوانم لەبری ئەو قسە بکەم، کە هێشتا بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵنەبژیردراوە، بەڵام دەتوانم بڵێم لە پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانانی دەرەوەی بەردەوام دەبێت.
 
رووداو: کۆمارییەکان و ترەمپ چۆن لە داوای عێراق بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەڕوانن؟ 
 
پاتریک مارا: لەم کاتەدا دەزانین سەرۆک ترەمپ ئەو سەرۆکە بوو کە بڕیاریدا هێزی ئەمریکا لە ئەفغانستان بکشێتەوە، بەڵام کشانەوەکە ئەو نەیکرد، بایدن کردی و بینیمان چ ئاژاوەیەکی نایەوە، خەڵک و سەربازی ئەمریکا بوونە قوربانی و هاوبەشەکانمان لە ئەفغانستان زیانیان بەرکەوت، باشترین کار ئیدارەی ترەمپ بیکات ئەوەیە چەند راوێژکار و هێزیکی بچووک لە عێراق بن و هەر جۆرە کشانەوەیەک لە عێراق دەبێت بە پرۆسەیەک بێت، کە کەمترین زیانی لێبکەوێتەوە و بەو خێراییە ناکرێت وەک ئەوەی لە ئەفغانستان روویدا.
 
رووداو: ئەمریکا لە ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکشێنێتەوە؟ 
 
پاتریک مارا: قورسە ئێستا شتێک بڵێم، جۆرە کشانەوەیەک دەبێت، بەڵام پێموانییە هەموو هێزەکە لەوێ بکشێتەوە، چونکە نابێ بارودۆخیک دروست بکەی کەسە خراپەکان بێن و شوێنەکە پڕ بکەنەوە، بۆیە پێم وانییە کشانەوەەکی تەواو هەبێت؛ پێم وانییە بەمجۆرە بێت و بەشێک لە هێزەکە لە ناوچەکە دەمێننەوە.
 
رووداو: سیاسەتی ئەمریکا لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت؟ 

 

پاتریک مارا: لەسەر ئەو بابەتە نازانم، لەوانەیە ترەمپیش نەزانێت سیاسەتەکە چۆن دەبێت و دەبێت سەیری بارودۆخی عێراق بکەین.
 
رووداو: کۆمارییەکان چۆن لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەڕوانن؟ 
 
پاتریک مارا: هەرچی هاوڕێ و هاوپەیمانی باشی ئەمریکان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا دەمێنێتەوە. سەرۆک ترەمپ هەمیشە بەرژەوەندیی ئەمریکا لەپێش هەموو شتێک دادەنێت. ئیسرائیل هاوپەیمانی ئەمریکایە و پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.
 
رووداو:  کۆمارییەکان چۆن لە هاوپەیمانیی ئەمریکا و کورد دەڕوانن؟ 

 

پاتریک مارا: گرنگە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمان و هاوڕێکانمان بهێڵینەوە، لەژێر ئیدارەی ترەمپ نابینی سەربازی ئەمریکی زیاتر لە خاکی ناوچەکە دابێت وەکو پێشتر و، رووداوی کارەساتبار روونادات.
 
رووداو: ئایا ئەمریکا ژمارەی سەربازانی لە ناوچەکە کەمدەکاتەوە؟ 
 
پاتریک مارا: پێشبینی دەکەم کار بۆ ئەوە بکات، بەڵام دیسانەوە دەڵێم: ئەوە دەبێت بە پرۆسەیەکدا بڕوات، هەرچەندە ئەو فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە، بەڵام ئەو راوێژکاری هەیە و هەنگاوێک دەنێت بۆ ئەوەی هەرچی پێویست بێت لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکەی بێت، ئەنجامی بدات. لەوانەیە لە هەندێ شوێن ئەگەر پێویست بێت هێز بکشێنێتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو کشانەوەیەی لە ئەفغانستان رووید، لەبەرچاو دەگیڕێت، لەوانەیە جۆرە بوونێكی سەربازی هەبێت یان ئەوەتا پاڵپشتییەکی گەورە بۆ هاوپەیمانان دابینبکرێت تاوەکو بۆشایی نەمانی هێزەکان، پڕبکرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە