رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، رۆژانە زیاتر لە 100 نەخۆشی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکان دەکەن. ئەو پشکنینانەی بۆ بەغدا نێردرابوون، ئەنجامەکەیان گەڕاوەتەوە و دەرکەوتووە 10 کەس تووشی کۆلێرا بوون.
زانکۆی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی و رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 31-8-2023) پانێلێکیان لەبارەی نەخۆشیی کۆلێرا و پەتای سکچوون و رشانەوە رێکخست، دوای پانێلەکان د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی لەبارەی زیادبوونی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە و بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە سلێمانی رێکخست.
دکتۆر سەباح هەورامی رایگەیاند، "رۆژانە زیاتر لە 100 نەخۆشی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەکانە حکومییەکان دەکەن، ئەوە جگە لەوانەی سەردانی نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەن، بەڵام مەرج نییە هەموویان تووشی کۆلێرا بووبن، تائێستا نزیکەی 10 کەس تووش بوون، بۆیە پێویست ناکات هاووڵاتییان نیگەران بن، تەنیا نیگەرانی ئەوەیە؛ پێویستە ئاوی پاک بەکاربهێنن و ئەگەر هەر کەس تووش بوو، راستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکات و چارەسەر وەربگرێت و خۆپارێزیش بکات، چونکە نەخۆشییەکە دەگوازرێتەوە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، نەخۆشی کۆلێرا زیاتر لەم وەرزە بڵاودەبێتەوە و دەشڵێت، "هەموو ساڵێک کۆلێرا هەیە، گرنگ ئەوەیە زیاد نەکات، ترسەکە لەوەیە ئەو کەسانەی تووشدەبن، ئەگەر چارەسەر وەرنەگرن رەنگە بە چەند کاژێرێک گیان لەدەستبدەن یان گورچیلەکانیان لەدەستبدەن، یان کۆمەڵێک لێکەوتەی دیکەیان تێدا دەربکەوێت."
بەڕێوبەری تەندروستیی سلێمانی داوای لە هاووڵاتییانی شاری سلێمانی و دەوروبەری کرد؛ هۆشیاربن لەوەی پەتای سکچوون و رشانەوە هەیە، گوتیشی: "بەشێک لە هۆکارەکانی پەتاکە، بەکتریا یان زیندەوەری کۆلێرایە، بۆیە پێویستە هاووڵاتی لە جاران زیاتر هۆشیار بێت و پابەندبێت بەو رێنماییانەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بڵاویان دەکاتەوە. ئەم بابەتە بابەتێکی زۆر سادەیە و پەیوەندیی بە ئاوی خورادنەوەیە، کە دەبێتە هۆکاری گواستنەوەی ئەو جۆرە زیندەوەرانە، چ کۆلێرا بێت یان هەر زیندەوەرێکی دیکە، کە دەبێتە هۆی سکچوون و رشانەوە."
ئەمەش بخوێنەوە:
د. سەباح هەورامی داوای لە هاووڵاتییان کرد، ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە بەکاربهێنن، یان بۆ بەکارهێنانی کەسیی خۆیان چی خۆشتن بێت یان شتنی قاپ و قاچاخ بێت یان هەر شتێک کە راستەوخۆ پەیوەندی بە مرۆڤەکانەوە هەیە. ئەگەر بکرێت ئەم ماوەیە ئاوی کارگەکان یان ئەو ئاوانەی ئاوی بیر و شەمعەکانن ئەوانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی و قایمقامیەت رێگەیان پێدراوە، بەکاربهێنن، چونکە ئەو ئاوانەی رێگەپێنەدراون دەبنە هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشییەکە.
بە گوتەی د. سەباح هەورامی، ئاو هۆکاری پەتای سکچوون و رشانەوەیە، دەڵێت، "بە نموونە سەوزە کە بە ئاوی پیس ئاو دەدرێت، یان هەرخۆراکێک کە بە ئاوی پیس ئاو دەدرێت بە هەمانشێوە دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە، واتا بەشێوەیەکی زۆر سادە؛ ئاو هۆکاری پەتای سکچوون و رشانەوەیە و بەشێک لەو سکچوون و رشانەوەش، هۆکارەکەیان زیندەوەری کۆلێرایە."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بەڕێوبەری تەندروستیی سلێمانی رێنمایی دایە هاووڵاتییان، کە خۆیان بەدوور بگرن لە ئاوی پیس و ئەو ئاوانەی سەرچاوەکەیان نادیارە، دڵنیاییشی دا لەوەی "ئاوی ماڵان سەرچاوەکەی دیارە و کێشەی نییە."
ئەمەش بخوێنەوە:
تائێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی هیچ کەیسێکی گیانلەدەستدان بە کۆلێرا تۆمارنەکراوە،
رۆژی 27ـی ئاب بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی لە هۆشدارییەکدا رایگەیاند، "هاووڵاتییانی سنووری سلێمانی ئاگادار دەکەینەوە تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و گومانی بڵاوبوونەوەی کۆلێرای لێ دەکرێت؛ سەرجەم تیمەکانمان پشکنین و بەدواداچوون بۆ تووشبووەکان دەکەن."
تەندروستیی سلێمانی وەکو رێکارێک بۆ رێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە رایگەیاندبوو، "بڕیاردرا بە قەدەخەکردنی هەموو جۆرە سەوزە و ماستاوێک لە چێشتخانە و خواردنگەکان و شوێنە گشتییەکان، تەنیا رێگە دەدرێت بە بەکارهێنانی ماستاوی کارگەکان."
بۆ خۆپاراستن لە سکچوون و رشانەوە، ئەم رێنوێنییانە جێبەجێ بکە:
- بەبەردەوامی دەستت بە سابوونی شل بشۆ، بەتایبەت پێش نانخواردن، ئامادەکردنی خۆراک، شیردان بە منداڵ و دوای چوونە توالێت و هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆش.
- تانکیی ئاوی خواردنەوەی ماڵەکانتان بە بەردەوامی پاک بکەنەوە.
- سەوزە و میوە بەباشی بە خوێ یان مادەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم بشۆ پێش ئەوەی بیخۆی.
- خواردنی سەر عەرەبانە و دەستگێڕەکان مەخۆ.
- دڵنیابەوە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ