prev
next
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی دەرمانسازی دەڵێت: پزیشکی دەرمانساز دەتوانێت لەبری دەرمانی براند، دەرمانێکی جێنریک بدات بە نەخۆش، بەڵام لەڕووی رەوشتی پیشەییەوە نەگونجاوە، بۆیە کاتێک پزیشکەکە بە کۆمپانیایەکی دیاریکراو دەرمان دەنووسێت و لە دەرمانخانە بەردەست نییە، دەبێت نەخۆش ئاگاداربێت کە دەرمانسازەکە هی کۆمپانیایەکی دیکەی دەداتێ.
د. یاد حەمید، پسپۆڕی دەرمان و ژەهرزانی روونی دەکاتەوە، ئەگەر نەخۆش باوەڕی پێهێنا بەو دەرمانەی کە کۆمپانیاکەی دانەیەکی دیکەیە، ئینجا پێی بدرێت و دەبێت نەخۆش خۆی سەرپشک بێت.
ئەو پسپۆڕە جیاوازیی سێ جۆری دەرمان باسدەکات؛
1- دەرمانی براند Brand؛ ''ئەو دەرمانەیە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی دەرمان دەدۆزرێتەوە و لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا FDA و دەزگای پزیشکیی ئەورووپی EMA ناودەبرێت بە دەرمان؛ دواتر ئەم کۆمپانیایە تەنیا خۆی مافی بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی هەیە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و هیچ کۆمپانیایەکی دیکە مافی دروستکردن و بەبازاڕکردنی ئەو دەرمانەی نییە''.
2- دەرمانی جێنریک Generic؛ ''ئەو دەرمانەیە کە لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرمان بەرهەمدەهێندرێت و بەبازاڕدەکرێت، بەڵام دوای تەواوبوونی ماوە دیاریکراوەکە و وەرگرتنی رەزامەنیی کۆمپانیای دروستکەری دەرمانەکە، واتە بە رەزامەندی کۆمپانیای بنەڕەتی، کۆمپانیاکانی دیکە بەرهەمی دەهێنێت و بەبازاڕی دەکات''.
3- دەرمانی کۆپی Copy؛ ''ئەو دەرمانانەن کە کۆمپانیایەکی دەرمان بەرهەمیان دەهێنن و بەبازاڕیان دەکەن، بێ ئەوەی رەزامەندیی کۆمپانیای بەرهەمهێنی وەرگرتبێت''.
هەروەها د. یاد حەمید گوتی، ''دەتوانین بڵێین کە دەرمانی بڕاند، لەڕووی کارکردنەوە باشترینە و کاریگەریی لاوەکیی کەمترە، بەڵام نرخی گرانە، هەرچی دەرمانی کۆپییە، لەلایەن دەزگاکانی دەرمانەوە باوەڕپێنەکراون و دەشێت کاریگەریان هەبێت و وەکو دەرمان بەسوود بن، بەڵام دڵنیایی لە مادەکانی نادرێت و دەکرێت دەرمان نەبن''.
لە کۆتاییدا دەڵێت: ''دەرمانی کۆپی بەهیچ شێوەیەک بەکارهێنانی رێگەپێدراو نییە، بەداخەوە نەک لە دەرمانخانەکان، بەڵکو پزیشکانی پسپۆڕیش هەن کە دیاریکردنی کۆمپانیایەکی دیاریکراو بۆ مەبەستی بازرگانی و بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن و هیوادارم لەمەودوا تەنیا بایەخ بە لایەنی زانستی و پیشەیی بدەین، نەک لایەنی مادی و بازرگانی''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ