بەدواداچوونێکی رووداو: یەک جۆری دەرمان 18 'بەدیل'ـی هەیە

27-03-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
کاتی باسکردنی ئەو دەرمانەی 18 بەدیلی هەیە.
کاتی باسکردنی ئەو دەرمانەی 18 بەدیلی هەیە.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگیی دەرمانسازێک هەڵایەکی گەورەی ناوەتەوە و دکتۆر کۆچەر خاوەنی ئەم تۆمارە دەنگیەیە.
 
لە تۆمارە دەنگییەکە؛ دکتۆر کۆچەر ئیسماعل، خاوەنی زنجیرە دەرمانخانەکانی سەروەران رێنمایی بە کارمەندەکانی دەدات و داوایان لێ دەکات بەبێ روونکردنەوە دەرمان بدەنە نەخۆشەکان و ئەگەر ئەو دەرمانانەش نەبوون کە نەخۆش داوایان دەکات، دەرمانی دیکەی پێ بدەن.
 
بەڵام ئەوەی بۆ رووداو روونکردەوە کە هەندێکجار جۆرێکی دەرمان نامێنێت، و بە ئەرکی خۆی دەزانێت وەکو پزیشکێکی دەرمانساز، نەخۆش سەرگەردان نەبێت و جێگرەوەی پێبدرێت. {تەواوی روونکردنەوەکە ببینە}.
 
لەدوای روونکردنەوەکەی دکتۆر کۆچەر ئەنجوومەنی سەندیکای دەرمانسازان بڕیاریدا بە راگرتنی ئەم دکتۆرە لە پیادەکردنی پیشەی دەرمانسازی بۆ سێ مانگ. {راپۆرتێک ببینە}.
 
عەبدولسەمەد خدر، هاونیشتمانییەکە و دەڵێت: ''جاری وا هەیە دەڕۆیە دەرمانخانەیەک ئەم دەرمانە نییە دەڵێت ئەوەمان نییە و ئەوە ببە لە شوێنی، بەڵام دەڵێم، ئەمە هەمان کۆمپانیا نییە؛ دەڵێت نا هیچ جیاوازیی نییە، ئاخر جیاوازیی زۆرە رەنگە ئەم شتە بۆ من نەگونجێت''. 
 
د. محەممەد لەک دەڵێت: زۆرجار بەهۆی ناڕێکیی دەستنووسی پزیشکەکە، یاخود ناشارەزایی ئەو کەسەی دەرمانەکە بە نەخۆشەکە دەدات، ئەگەری هەڵە پێدانی دەرمان زۆر دەبێت و ''ئەوەی کە بووەتە دیاردە، بە مەبەست دەرمانەکان دەگۆڕدرێن''.
 
کێبڕکێی کۆمپانیاکانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان لەسەر یەک جۆر دەرمان بە ناوی بازاڕی ئازاد مەجالی ساخکردنەوەی دەرمانی خۆشترکردووە. سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان داوای هەنگاوی جیدی و بەپەلە دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی دەرمان.
 
دکتۆر رەنج محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان دەڵێت: لەلایەن پزیشکانی دەرمانسازەوە پێدانی دەرمانی بەدیل ئاساییە بەڵام دەبێت بە ئاگاداریی نەخۆشەکە بێت و پێی بگوترێت، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات دەبێت پزیشکی سەرپەرشتیاری نەخۆشەکە ئاگاداربێت.
 
بەگوێرەی داتاکان لە هەرێمی کوردستان بە نزیکەیی 1600 دەرمانخانە هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە