لە دهۆک 100 کارمەندی تەندروستی بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن

31-07-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک دەڵێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی 100 کارمەندی تەندروستی بەشێوەی گرێبەست داوە. 

رۆژی دووشەممە، 31-07-2023، دکتۆر ئەڤراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو 100 کارمەندە بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی دەبن لە پارێزگای دهۆک، کە بە رەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێن."
 
لەبارەی مەرجەکانی وەرگرتنی کارمەندان، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک گوتی، "ئەمڕۆ لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی دهۆک لینکێکی ئۆنلاین دادەنێین و ئەو کەسانەی خوازیارن دابمەزرێن، دەتوانن ئەو لینکە بکەنەوە و پرسیارەکان پڕ بکەنەوە کە هەندێک مەرج و رێنمایی تێدایە. بە گشتیش ئەو کەسانەی خزمەتیان هەیە و بەشێوەی خۆبەخش کاریان کردووە هەلی وەرگرتنیان زیاترە."
 
دکتۆر ئەڤراسیاب موسا دەڵێت، کارمەندانی فریاکەوتن کەمن، بۆیە داوایان کردووە چەند کارمەندێک بەشێوەی گرێبەست دابمەزرێنن. 
 
مووچەی کارمەندانی بەشی فریاکەوتن بەگوێرەی بڕوانامەکان دەگۆڕدرێت. بۆ نموونە، مووچەی دەرچووی پەیمانگە بەراورد بە زانکۆکان جیاوازی هەیە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆکیش دەڵێت، "پێم وابێت مووچەی دەرچوانی پەیمانگە 400 و زانکۆکان 500 هەزار دینارە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە