رووداو - تەندروستی
بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر کەسێک ریکلام بۆ بابەتی پزیشکی بکات، ئەگەر پزیشکیش بێت دەدرێتە دادگە.
رۆژی چوارشەممە 29-11-2023 د. کاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ریکلام بۆ جۆرێک چا و قاوە دەکرێت کە بە دوو هەفتە هەشت کیلۆ دادەبەزێنێت، نموونەیەکمان لە چایەکە بۆ کوالێتیی کۆنتڕۆڵ نارد و دەرکەوت، مادەیەکی تێدایە کە دەبێت ئەو چایە بە سەرپەرشتی کەسی پسپۆڕ و لە دەرمانخانەکان بفرۆشرێت، نەوەکو مارکێت و دووکانی نێو کۆڵانەکان".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی، "پێویستە هەر دەرمانێک بە هەر مەبەستێک بەکارهێنرا سەرەتا پشکنینی بۆ بکرێت و ئەگەر هیچ مادەیەکی تێدا نەبوو زیان بە کەسی بەکارهێنەر بگەیەنێت، ئینجا لە دەرەوە بفرۆشرێت، بە پێچەوانەوە دەبێت لە دەرمانخانەکان و دوای وەرگرتنی مۆڵەت بەکاربهێندرێت. ئەویش نابێت بە بەردەوامی بەکاربهێنرێت".
د. کاوە خەلیل دەڵێت، وەزارەتی تەندروستی لیژنەی پێکهێناوە و زۆر بە وردی چاودێریی ئەو کەسانە دەکرێت کە ریکلام بۆ بابەتی پزیشکی دەکەن و گوتی، ؛؛هەر کەسێک ریکلام بۆ هەر بابەتێکی پزیشکی بکات، ئەگەر پزیشکیش بێت دەدرێتە داواکاریی گشتی و دەبێت بچێتە دادگە و وەڵامبداتەوە''.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی ئاماژەی بە کۆبوونەوەی وەزارەتیان لەو بارەوە کرد و گوتی، وەزارەت لەبارەی بابەتی ریکلام کۆبووەتەوە و دەمانەوێت ئەو بابەتە بە یاسا کۆنترۆڵبکەین، چونکە بابەتی پزیشکی نابێت ریکلامی بۆ بکرێت، تەنانەت پزیشک ناتوانێت ریکلام بۆ ئامێرەکانی خۆی لە رێگەی پەیجێکەوە بکات، هاوکات گوتیشی، ''پزیشک تەنیا دەتوانێت ئاماژە بەوە بکات ناوی چییە و پسپۆری چییە و باسی هەر نەخۆشییەکی دیاریکراو بکات لە رووی پسپۆڕی خۆی بۆ سوودی گشتی، نەک ریکلام بۆ خۆی بکات".
رۆژی سێشەممە 28-11-2023 وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا ئەو چا و قاوانەی كە بە مەبەستی دابەزاندنی كێش یان زیادكردنی كێش بەكاردەهێندرێن. پێویستە لە رێگەی کوالێتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ( KMCA ) رێگەپێدانیان پێ بدرێت و ستیكەریان لێ بدرێت و تەنیا لە دەرمانخانەكان بفرۆشرێن."
وەزارەتی تەندروستی گوتیشی، "ریكلامكردن بۆیان لە راگەیاندنەكانی بینراو، بیستراو، نوسراو و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بە هەمووشێوەیەک قەدەخەیە".
لەوبارەوە د.کاوە خەلیل گوتی، "ئەو چا و قاوانە قەدەخەنەکراون، بەڵکو ریکلامکردن بۆیان قەدەخەکراوە و داوامان کردووە ریکلام بۆ ئەو چا و قاوانە نەکرێت، چونکە نابێت لە مارکێتەکان بفرۆشرێن. شوێنی ئەوانە دەرمانخانەکانە و لە ژێر چاودێریی کەسی پسپۆرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ