رووداو دیجیتاڵ
لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان رایگەیاند، خولێکی جوانکاریی پزیشکییان راگرت و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی دەگیرێتەبەر. گوتەبێژی سەندیکاکە دەڵێت، "ئەو کەسە نە پزیشک بووە و نە راهێنەر، بەبێ مۆڵەتیش خولی کردووەتەوە."
رۆژی شەممە 28-10-2023 لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن لیژنەی پشکنین و بەدواداچوونی سەندیکای پزیشکان، کە خولێکی جوانکاریی پزیشکی بەبێ رەزامەندیی سەندیکای پزیشکان دەکرێت، دەستبەجێ سەردانی شوێنی مەبەست کرا، خولەکە راگیرا و بکەرانی خولەکە رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
د. ئامانج وەفایی رەشید، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ ئاگاداربوون لەو کارانە پشت بە سەردانی لیژنەکانمان، خەڵک و پزیشکان دەبەستین، ئەو خولە بە دزییەوە دەستیپێکردووە، کە لەسەر جوانکاری بوو بەگشتی، وەکو فیلەر، بۆتۆکس و ئەو بابەتانە."
بە گوتەی د. ئامانج وەفایی، "هەر کەسێک هەر خولێک بکاتەوە، ئەگەر پزیشک بێت دەبێت لە وەزارەتی تەندروستی، فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و سەندیکای پزیشکان مۆڵەت وەربگرێت."
دەشڵێت، "سێیەم رۆژی خولەکە بووە و ئەو کەسەی خولەکەی گوتووەتەوە، پزیشکی گشتی نەبووە و پارەیەکی زۆری لە خەڵک وەرگرتووە بۆ بەشداریکردن لەو خولە، دواتر ئەوان لە ساڵۆن، کۆڵان و ئەو شوێنانە ئەو کارانە دەکەن."
گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان دەڵێت، ئەگەر هەر کەسێک بۆ کردنەوەی خولێک مۆڵەتیش وەربگرێت، دەبێت ئەو کەسە پزیشک بێت و رێگەپێدانی هەبێت یاخود راهێنەر بێت، بەڵام ئەو کەسەی خولەکەی گوتووەتەوە، "هیچ نییە؛ لە یوتیوب هەندێک شتی خوێندووەتەوە و بەشداریی دوو خولی کردووە و ئێستا خول دەڵێتەوە."
بە گوتەی د. ئامانج وەفایی بێت ئەو شوێنەی خولەکەی لێ گوتراوەتەوە، داخراوە و ئەنجامدەرانی خولەکە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە. دەشڵێت، "مۆڵەت نادرێت بەو کەسانە. دەبێت ئەو کەسەی ئەو کارانە دەکات، بە نموونە فیلەر و بۆتۆکس، خۆی پزیشک بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ