رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، ساڵانە نزیکەی 10 ملیۆن کەس تووشی نەخۆشیی سیل دەبن و زیاتر لە 10٪ـیان گیانلەدەستدەدەن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە ناسراوە بە WHO روونی دەکاتەوە، نەخۆشیی سیل لەنێو ئەوانەی تووشبووی ئەیدزن یاخود ئەوانەی دەرمانە دژەبەکتریاکان کاریان تێناکات؛ زۆرە، چونکە بەرگریی جەستەیان لاوازە و بەکتریاکانی جەستەیان دژی دەرمانەکان دەوەستنەوە و بە دەرمان چاکنابنەوە.
د. تیدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی WHO دەڵێت: زۆرینەی تووشبووانی نەخۆشیی سیل لە وڵاتە کەمداهات و هەژارنشینەکانن. ئاماژە بە هەریەک لە وڵاتەکانی 'بەنگلادیش، چین، هیندستان، ئیندۆنیزیا، نەیجیریا، پاکستان، فلیپین و باشووری ئەفریقا' دەکات کە زۆرترین تووشبووی سیلیان تێدایە.
ئادهانۆم گوتی، ناتواندرێت بەرەنگاری سیل ببینەوە بێ ئەوەی بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان نەکرێت و هاووڵاتییانیش پاڵپشتی بکرێن بۆ پشکنینی پێشوەختە و چاودێریی هەمیشەیی تەندروستی.
کێن ئەوانەی ئەگەری تووشبوونیان زۆرە؟
- تووشبووانی نەخۆشیی ئەیدز
- تووشبووانی شەکرە
- ئەوانەی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ دەکێشن
- تووشبووانی شێرپەنجە
- کەسانی بەدخۆراک
بەپێی WHO، لە ساڵی 2023دا 10.8 ملیۆن تووشبووی سیل تۆمارکراون کە شەش ملیۆن پیاو، 3.6 ملیۆن خانم و 1.2 ملیۆنیش منداڵن؛ ''نەخۆشییەکە چارەسەری هەیە، بەڵام درێژخایەنە و ڤاکسینیشی هەیە کە پێشگیری لێدەکات''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ