بەیاننامەی پزیشکانی کوردستان لەبارەی گیانلەدەستدانی دکتۆر قەحتان جیهاد

24-03-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە بەیاننامەیەکدا کە بە ناوی پزیشکانی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە لەبارەی گیانلەدەستدانی دکتۆر قەحتان جیهاد بە وەرگەڕانی ئامبوڵانسێک، هاتووە کە بە زووتریین کات لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و روونکردنەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی و خێزانەکەی قەرەبووی مادی بکرێنەوە.
 
لەو بەیاننامەیەدا کە بە ناوی پزیشکان بڵاوبووەتەوە تێیدا هاتووە کە دکتۆر قەحتان نموونەی پزیشکێکی گەنجی لێهاتوو، دڵسۆز، خۆنەویست و خۆشەویست بوو و هێمایەک بوو بۆ قوربانیدانی پزیشکێک بۆ ئەرکی پاراستنی ژیانی مرۆڤ.
 
ئەو بەیاننامەیەی بەناوی پزیشکانی کوردستانەوە دوێنێ یەکشەممە 23-3-2025 بڵاوبووەتەوە دەریدەخات؛ لایەنی پەیوەندیدار، راگەیاندن و میدیاکان رۆڵی کاریگەرییان نەگێڕاوە بۆ بەدواداچوونی پوخت لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو پزیشکە گەنجە و دەڵێن، ''بەشێکیان بێدەنگیش بوونە بەرامبەر ئەو کارەساتە کە پەیوەندی بە ژیانی هەموو تاکێکەوە هەیە''.
 
هەر لەو بەیاننامەیەی بە ناوی پزیشکانی کوردستان بڵاوبووەتەوە، ئەوە روونکراوەتەوە کە ''گیانلەدەستدانی جوانەمەرگ قەدەرێکی خواداییە، بەڵام ئەگەر بە هۆکاری کەمتەرخەمی بێت، ئەوا کارەساتە، چونکە بە دڵنیاییەوە ئەو کەمتەرخەمییە دەمێکە هەیە و چەندینجار باس کراوە، بە جۆرێک زۆرینەی ئەو ئوتومبێلانەی کە بۆ ئامبوڵانس تەرخانکراون، مەرجی تەواوی ستانداردە جیهانییەکانیان نییە، بەجۆرێک ئەوانەی ناوچەکانی دەرەوەی سەنتەری پارێزگاکان هەندێک لە مەرجەکانی (پزیشکیی، فریاکەوتنی خێرا، سەلامەتیی سەرنشینان)ی تێدا بەدی ناکرێت و تەنیا بوون بە هۆکارێک بۆ گواستنەوەی نەخۆش''. 
 
لەو بەیاننامەی کە گوایە هی پزیشکانی کوردستانە چەند داواکارییەکی تێدایە کە بۆ هەر یەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانە بەم شێوەیە؛
 
1- بە زووتریین کات لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و روونکردنەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانی د. قەحتان و بڵاوکردنەوەی راپۆرتی کۆتایی بۆ رای گشتی و سزادانی هەموو ئەوانەی کەمتەرخەم بوون لەو کارەساتە، پاشانیش قەرەبووی مادی و مەعنەویی خێزانی خوالێخۆشبوو بکرێتەوە.
 
2- یەکەی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی مێرگەسوور بە ناوی هاوپیشەی کۆچکردوو بکرێت و وەکو کەمتریین پاداشت بۆ خێزانەکەی، بە شەهید ناونووس بکرێت و مووچەی قەرەبووی مانگانەی شەهیدانەی خوالێخۆشبوو بۆ خێزانەکەی خەرجبکرێت.
 
3- چاوخشاندنەوە بکرێت بە سیستمی فریاکەوتنی خێرا لە ئوتومبێل، شۆفێر و کارمەندی ئامبوڵانسەوە دەستپێبکرێت، بەجۆرێک هیچ شۆفێرێک یان کارمەندی فریاکەوتنی خێرا بێ بڕوانامەی باوەڕپێکراو و بڕوانامەی خولاوی وەرزیانەی فریاکەوتنی خێرا نابێت لە سیستمی ئامبوڵانس بوونی هەبێت، هەروەها گۆڕینی تەواوی ئامبوڵانس و دابینکردنی بە شێوازێکی ستانداردی جیهانی بۆ هەموو نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بێ جیاوازیی.
 
4- بە زووتریین کات بابەتی دامەزراندنی پزیشکانی گەنج جێبەجێ بکرێت ، بۆ ئەوەی سیستمی خولاوی پزیشکان تووشی هەرەس نەبێت لەوە زیاتر.
 
5- رێگریبکرێت لەهەر کەناڵ و میدیایەک بەتایبەت سۆشیال میدیای سەر بە هەر لایەنێک کە بە مەبەست کار لەسەر ناوزڕاندن و کەمکردنەوەی پێگەی پزیشک و نەهێشتنی متمانەی هاونیشتمانییان بە پزیشکان بکات. سزای تووندی یاسایی ئەو راگەیێندکارانە بدرێت کە تەنیا بۆ لایک و کۆمێنتی پەڕە و گرووپەکانیان بە شێوازێکی زۆر ناڕەواو و دوور لە هەموو بەهایەک هێرش دەکەنە سەر چینی پزیشکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دکتۆر محەممەد جەعفەر، پزیشکی دەرمانساز.

پزیشکێکی دەرمانساز: نەخۆش مافی هەیە لەبارەی دەرمانەکانی، روونکردنەوەی تەواوی پێبدرێت

پزیشکێکی دەرمانساز بە پێویستی دەزانێت، لەکاتی پێدانی دەرمان بە نەخۆش، هەموو تایبەتمەندییەکانی دەرمانەکەی بۆ روونبکرێتەوە، بەتایبەت جۆر، کواڵیتی و ناوی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری دەرمانەکە.