بە ڤیدیۆ؛ دەرهێنانی پارچە ئاسنێک لە قوڕگی منداڵێکدا

26-03-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر پارچە ئاسنێک لە قوڕگی منداڵێکدا دەرهێنرا و پسپۆڕێک دەڵێت، ئاسنەکە لیرەیەکی تورکیی 26 میلیمەتری بووە و لەژێر کاریگەریی دەرمانی هێورکەرەوە منداڵەکەیان خەواندووە، تاوەکو ئاسنەکە دەربهێنن.
 
بەگوتەی تیمەکەی نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر، رۆژی دووشەممە 24ـی ئادار ئەو حاڵەتەیان بۆ هاتووە و ئەمڕۆ چوارشەممە 26-3-2025 رێبوار شێخ محەممەد، بەرپرسی بەشی هەرس و جگەر لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، منداڵەکە هەشت ساڵان بووە و یاریی بە پارچە دراوەکە کردووە، ئیدی لەناکاو قوتی داوە.
 
بەپێی رێبوار محەممەد، مانگانە چەند حاڵەتێکی لەو شێوەیەیان دەبێت کە ''زیاتر بە دەمبووس، دەرزی و گوڵەبەڕۆژە وایان لێدێت''.
 
هەر ئەمڕۆ د. محەممەد لەک، کە خۆی پارچە ئاسنەکەی دەرهێناوە چەند رێنوێنییەک بۆ پێشگیری لە رووداوی لەم شێوەیە دەدات وەکو؛
 
- دوورخستنەوەی ئەو کەلوپەلانەی بە ئاسانی قوتدەدرێن لە منداڵ.
- ئەگەر نەخۆشەکە تەنەکەی لە سوورێنچکی گیربووبوو، نابێت دەست ببرێتە قوڕگی منداڵەکە و هەوڵی دەرهێنانی بدرێت، بەڵکو بگەیێندرێتە نەخۆشخانە.
- نابێت نەخۆشەکە هیچ خۆراک و خواردنەوەیەک بخواتەوە تاوەکو بە ئاسانی تەنەکە دەربهێندرێت.
- ئەگەر تەنەکە چووبووە نێو بۆری هەناسەی، ئەوا بە تەکنیکەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ بکرێت یان راستەوخۆ ببرێتە نزیکترین نەخۆشخانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە