سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازان: ئێستا کێبڕکێی نێوان دەرمانخانەکان بووە بە جیاوازیی نرخی دەرمان

26-03-2025
شکار رێبوار
دکتۆر لونا خالید - د. باریف زاهیر.
دکتۆر لونا خالید - د. باریف زاهیر.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان میوانی بوولتەنی تەندروستی بوو و رایگەیاند، رێکخستنی نرخی دەرمان دەبێت لە وەزارەتی تەندروستییەوە بێت و ''وەزارەتی تەندروستی هاوئاهەنگی لەگەڵ سەندیکای دەرمانسازان ناکات''.
 
د. باریف زاهیر، سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 26-3-2025 ئاشکرای کرد، ئێستا کێبڕکێی نێوان دەرمانخانەکان بووە بە جیاوازیی نرخی دەرمان و ئەمەشی بە پێچەوانەی یاساکانی دەرمانسازی دانا، ''چونکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە نرخ جێگیرنەکراوە و نرخێکی زۆر لەسەر دەرمانەکان دادەنێن، بەمەش دەرمانخانەکان بە هەرزانتر لەو نرخەی وەزارەت، دەرمانەکان دەفرۆشن''.
 
لەبارەی رێکخستنی نرخی دەرمانەوە گوتی، پێویستە رێکخستنی نرخی دەرمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەندیکای دەرمانسازان بێت و لە جیهاندا جیاوازیی نرخی دەرمان لەنێوان دەرمانخانەکان نییە.
 
سەندیکای دەرمانسازان کۆمەڵێک یاسای تووندی لەبارەی زنجیرە دەرمانخانەکان دەکرد و سەرۆکەکەی دەڵێت، ''مۆڵەتمان بە هیچ دەرمانخایەکە نەداوە بە ناوی زنجیرە بکرێتەوە و لەمەودوا رێگە دەگرین لە کردنەوەی دەرمانخانە بە ناوی زنجیرە''.
 
بەگوتەی د. باریف، بەپێی یاسا، نابێت هیچ کارێک بکرێت بۆ خۆشەویستکردنی دەرمان لای خەڵک، واتە دەرمان و دەرمانخانە نابێت رێکلامیان بۆ بکرێت. 
 
نەشیشاردەوە کە نۆرینگەی لاکۆڵان هەیە دەرمان دەفرۆشێت و سزا نادرێت، گوتیشی، هەزاران شوێنی برینپێچی هەن، دەرمان دەفرۆشن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە