پزیشکانی دانەمەزراو: تائێستا نائومێدین لەبارەی دامەزراندنمان

دوێنێ کاژێر 04:59
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

نوێنەرێکی پزیشکانی دانەمەزراوی ساڵی 2024 رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا نائومێدن لە دامەزراندنیان و دەیانەوێت بە نووسراوی فەرمی ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە.
 
دوێنێ چوارشەممە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا کە پێویستە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەسەر میلاکی تەندروستیی عێراق دابمەزرێن.
 
دکتۆر شکۆ شێرکۆ، نوێنەرێکی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024ـە و ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-3-2025 بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی هەشت مانگە دامەزراندنیان دواکەوتووە و ئەگەر لەوە زیاتر دوابکەوێت ئەوا کێشەی سەرەکییان بیرچوونەوەی زانیارییەکانیان دەبێت و ناچار دەبن دوای 18 ساڵ لە خوێندن، لە ماڵەوە دادەنیشن.
 
بەگوتەی ئەوان، دانەمەزراندنیان کێشە بۆ پزیشکانی ئێستای دامەزراوی خولاویش دروستدەکات و پلەبەندییان دوادەخات کە ژمارەیان نزیەکی هەزار کەسە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە وەزارەتەکانی تەندروستی، دارایی، ئابووری و ئەنجوومەنی گشتیی راژەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدابن بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچیان دانەمەزراون.
 
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
 
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 273 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 288 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 102 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 21 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 43 پزیشک
- زانکۆی  گەرمیان؛ 15 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 36 پزیشک

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە