تەندروستی

دکتۆر لونا خالید - عەلی عوبێد، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی بیمەی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق
prev
next
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی بیمەی تەندروستیی عێراق دەڵێت، لە ساڵی داهاتووەوە خزمەتگوزاریی بیمەی تەندروستی هەموو هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025 عەلی عوبێد، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی بیمەی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە بوولتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، "یاسای بیمەی تەندروستی کە لەلایەن پەرلەمانەوە لەساڵی 2020 دەرکرا، لە کۆتایی ساڵی 2023 چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئامانجی ئەم بیمەیە کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی سەر هاووڵاتییانە و دەتوانێت هانی کەرتی تایبەتیش بدات، وەبەرهێنان لە کەرتی تەندروستیدا بکەن."
عەلی عوبێد دەڵێت، "تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 100 هەزار هاووڵاتیی عێراقی بیمەیان بۆ کراوە و لە ساڵی 2026ـدا خزمەتگوزارییەکە دەبەینە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان''.
بەگوێرەی بەڕێوەبەری سندووقی بیمەی تەندروستی، خزمەتگوزارییەکە بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراقە بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
هەرکەسێک رێژەی نیڤشکانی گەیشتبێتە 70٪ یان زیاتر خزمەتگوزارییەکە دەیگرێتەوە، عەلی عوبێد زانیاری زیاتری گوت، "پێدانی بیمە بە خۆڕایی سەرجەم نیڤشکانانی عێراق و هەرێمی دەگرێتەوە، ئەوانەی کە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون، نیڤشکانان هیچ پارەیەک نادەن و هەموو شتێکیان بە خۆڕایی دەبێت لە رێگەی ئەو بیمەیەوە."
بەگوێرەی بیمەکە، تەندروستیی عێراق ئەو خەرجییانە لە ئەستۆ دەگرێت کە هاووڵاتییان لە ناوەندە تەندروستییەکاندا پێویستیان پێیەتی بۆ نموونە نەشتەرگەری، تاقیگە، تیشک، دەم و ددان و دەرمان.
یەكەم ئەزموونى کارکردن بە بیمەى تەندروستى لە مانگی 11ـی 2023ـەوە لە عێراق دەستیپێکرد.
بەگوێرەى یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2020 عێراق، ئامانج لە بیمەی تەندروستی کەمکردنەوەى قورسایی دارایی سەرشانى هاووڵاتییانە لە تێچووى چارەسەرى تەندروستى لە بەرامبەر بەشداریکردنى لە بیمەکەدا، لەهەمان کاتدا سەرچاوەى داهاتى وەزارەتى تەندروستیش زیاتر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ