وەزارەتی تەندروستی: دەرمانی شێرپەنجە، تالاسیمیا و بوتڵی خوێن کەمن

17-10-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "عێراق دەرمانی پێویستمان بۆ نانێرێت، بۆیە دەرمانی شێرپەنجە، تالاسیمیا و هەندێک نەخۆشیی دەگمەن و بوتڵی خوێنمان کەمە، لە سەردانەکەمان بۆ بەغدا وەزیری تەندروستیی عێراقمان لێ ئاگادارکردووەتەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 16-10-2023 شاندێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد بۆ ئەوەی لەبارەی گرفتی دەرمان، ئامێر و پێداویستی پزیشکی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە کۆببنەوە. 
 
لەبارەی ئەنجامی سەردانەکە، رۆژی سێشەممە، 17-10-2023 دکتۆر کاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەردانەکەمان دوو بەش بوو، بەشێکیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی و بەشێکیان لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق بوو، پێشتر چەند کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق کردبوو دەرکەوت هەندێک شت بەدەستی ئەوان نییە، ئەوەی وەزارەتی ئێمە لەگەڵ ئەوان دەبەستێتەوە تەنیا دەرمانە، بۆیە لەگەڵ ئەوان تەنیا باسی دەرمان کراوە."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان لە دەرمان 12.6٪ـە و دەڵێت، "ئەو پشکەی کە دیاریکراوە نانێردرێت، دەرمان مانگانە بە پچڕ پچڕی دێت و بەپێی پێویست نییە، ئەو شتانە دەنێرن کە خۆیان دەیانەوێت و بەسەر پارێزگاکانی دابەش دەکەن. گرێبەستەکان لە بەغدا، کیمادیا دەیکات (کۆمپانیایەکی حکومییە بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی هەیە و سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراقە) کە دەرمان، پێداویستی و ئامێری پزیشکی دابین دەکات."
 
لە بارەی گرفتی دەرمان لە هەرێمی کوردستان. د. کاوە خەلیل گوتی، "کێشەی دەرمانی شێرپەنجە، تالاسیمیا و هەندێک نەخۆشیی دەگمەن و بوتڵی خوێنمان هەیە کێشەی دەرمانی دیکەش هەیە، بەڵام ئەوانە گرنگترینن، هەندێک شتی دیکە هەن ئێمە ناتوانین بیکڕین، چونکە کۆمپانیاکان دابینی ناکەن، دەبێت لە بەرنامەی نیشتمانیدا هەبێت و لەرێگەی عێراقەوە بێت، بەڵام بەرێژەیەکی کەم دابین دەکرێت."
 
شاندی وەزارەتی تەندروستی جگە لە باسکردنی دەرمان لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق، لەبارەی چوار بابەتی دیکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە. د.کاوە خەلیل دەڵێت، "یەکەم بابەت، ئامێری پزیشکی بوو کە شەش ساڵە لە بودجەی حاکیمە دەرهێنراوە و عێراق نایکرێت کە ئەوە بابەتێکی سیاسی بوو، لەکاتێکدا لە 2003 تاوەکو 2015 هەبوو، ئەو 12.6٪ـی پشکی وەزارەتمان تەنیا دەرمان بوو، چەندینجار داوامان کرد لە بودجە بابەتی ئامێری پزیشکی جێگیر بکرێت بەڵام نەکرا."
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، "یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی وەزارەتی تەندروستی ئەوەیە، عێراق کێشەیەکیان دروستکردووە کە پشکنین و رێگەپێدانی کۆمپانیاکانی دەرمانی کوالێتی کۆنترۆڵ دانیان پێدا نانرێت، ئەوەش وایکردووە هەرچی کۆمپانیا هەیە روو لە بەغدا بکات، لەکاتێکدا ئێمەش هەمان رێنمایی ئەوان جێبەجێ دەکەین بۆیە داوامان کرد کە رێگەیان پێبدرێت و دانیان پێدا بنرێت."
 
ساڵانە حکومەتی عێراق پڕۆژەی نیشتمانی لە بواری تەندروستی رادەگەیەنێت. د. کاوە خەلیل دەڵێت، "هەرێمی کوردستان لەو پڕۆژانە بێبەش کراون، بە نموونە یەکێک لەوانە مینحەیە، ئێمە ئاگادارین کە بڕیارە سعودیە 100 بنکەی تەندروستی لە هەموو عێراق دروست بکات، بەڵام ئێمە لەو شتانە بێبەشین بۆیە داوامان کرد ئێمەش بگرێتەوە."
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە