رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی حکومی بە پارە بێت و دەڵێت، "ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن (ئەمبوڵانس) بە شەو و رۆژ بەخۆڕاییە." دەشڵێت، نرخی گواستنەوەی نەخۆش لە ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتنی كەرتی تایبەت كەمكراوەتەوە.
رۆژی سێشەممە 17-10-2023 وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە کە گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن بە شەو و رۆژ لە هەموو رۆژێكدا، بەبێ هیچ نرخ و خەرجییەکە و بەخۆڕاییە."
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، "وەزارەت بە رێنوێنییەکی تایبەت رێگە دەگرێت لە قۆستنەوە و قۆرخكاری لە نرخی گواستنەوەی نەخۆش لەلایەن ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتنی كەرتی تایبەت (ئەمبوڵانسی ئەهلی) نرخەكان كەمكراوەتەوە و سنوورداركراوە و یەكخراوە بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان و جارێكی دیکە دووپاتی دەكەینەوە، بەكارهێنانی ئەمبوڵانسی حكومی بۆ نەخۆش لە هەموو هەرێمی كوردستان بە خۆڕاییە."
رۆژی دووشەممە، 16-10-2023، وەزارەتی داد ژمارە 311ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستانی بڵاوکردەوە کە رۆژنامەیەکی فەرمییە و رێنوێنی ژمارە 18ـی ساڵی 2023ـی تێدایە کە تایبەتە بە رێنوێنی دیاریکردنی نرخی گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لەنێو شار و دەرەوەی شار.
رێنوێنییەکە تایبەتە بە دیاریکردنی نرخی گواستنەوەی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان و لە پێنج مادە پێکدێت و تایبەتە بە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی نەخۆش یان هەر لایەنێک کە مۆڵەتی گواستنەوەی نەخۆشی پێدراوە، لە کاتی پابەند نەبوون بەو نرخانەی دیاریکراوە، سەرپێچیکار بەپێی یاسا و رێنوێنییە بەرکارەکان رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
بەپێی رێنوێنی گواستنەوەی نەخۆش بەم نرخانە دەبێت:
- گواستنەوەی نەخۆش لەنێو سنووری سەنتەری پارێزگا: 25 هەزار دینار
- گواستنەوەی نەخۆش لە سنووری دەروبەری پارێزگا: 50 هەزار دینار
- گواستنەوەی نەخۆش لە دەرەوەی شار (قەزا و ناحییەکان): هەزار و 500 دینار بۆ هەر کیلۆمەترێک
- هەبوونی پزیشکی خولاو + پزیشکی شارەزای گشتی لە سنووری سەنتەری پارێزگا: 40 هەزار دینار
- هەبوونی پزیشکی خولاو + پزیشکی شارەزا لە سنووری دەوروبەری پارێزگا: 50 هەزار دینار
- هەبوونی پزیشکی خولاو + پزیشکی شارەزای گشتی بۆ دەرەوەی شار (قەزا و ناحییەکان): 75 هەزار دینار
- هەبوونی پزیشکی پسپۆڕ لە سنووری سەنتەری پارێزگا: 70 هەزار دینار
- هەبوونی پزیشکی پسپۆڕ لە سنووری دەوروبەری پارێزگا: 100 هەزار دینار
- هەبوونی پزیشکی پسپۆڕ بۆ دەرەوەی شار (قەزا و ناحییەکان): 150 هەزار دینار
- هەبوونی ئامێری هەناسەی دەستکرد لەگەڵ تیمی سڕکار لە سنووری سەنتەری پارێزگا و سنووری دەوروبەری پارێزگا: 25 هەزار دینار
- هەبوونی ئامێری هەناسەی دەستکرد لەگەڵ تیمی سڕکار دەرەوەی شار (قەزا و ناحییەکان) : 50 هەزار دینار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ