رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار دەڵێت، بەهۆی بایکۆتی کارمەندانی تەندروستی دەرگای نەخۆشخانەی قەڵا داخرا، بەڵام ئەو نەخۆشانەی دۆخیان مەترسیدارە سەردانی نەخۆشخانەی شەهید هەژار بکەن و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 دکتۆر حارس محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەی گشتیی کەلار بایکۆتیان کردووە و داوای مووچە دەکەن. نەخۆشخانەی قەڵاش بەشێکە لە نەخۆشخانەی گشتیی کەلار کە دوو بەشمان لەوێ هەیە، بەشی منداڵان و بەشی هەناوی، کارمەندان بەیانیان دەوام دەکەن و خەفەریاتیشیان هەیە و بڕیاریان داوە بایکۆتی دەوام بکەن و ناتوانن خەفەریاتیش بگرن، بۆیە ئێمەش بڕیاری داخستنی نەخۆشخانەکەمان دا."
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار، هیچ نەخۆشێک نەبووە کە تەندروستیی مەترسیدار بێت و بەبێ چارسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەی قەڵا گەڕێندرابێتەوە ماڵەوە و دەشڵێت، "نەخۆشخانەی قەڵا کەیسی بەپەلە و گەرم وەرناگرێت، هەر کەس تەندروستیی خراپ بێت، دەبێت سەردانی بەشی نەخۆشخانەی شەهید هەژار بکات و لەوێ چارەسەر بکرێت، دواتر رەوانەی قەڵا دەکرێت بۆئەوەی لەژێر چاودێریی پزیشکی بێت."
دکتۆر حارس محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، "نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی قەڵا دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی نێردراونەتە ماڵەوە، یەک دوو نەخۆشێکمان هەبوو کە خۆیان هەر لەسەر جێگە کەوتبوون، هەموو شتێکمان بۆ دابینکردوون و پێمان گوتن یان بڕۆنە ماڵەوە یان بچنە نەخۆشخانەیەکی دیکە."
تائێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حەوت و هەشت دابەشنەکراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە عێراق لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دەکات.
رۆژی چوارشەممە 13-09-2023 هاوژین عوسمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی گوت، لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکان، نوێنەری پزیشکانی گەنج و پزیشکانی تایبەتمەند کۆبوونەتەوە و بڕیاریان داوە تەنیا لە شوێنە هەستیارەکان و فریاکەوتنەکان دەوام بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ