رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پرۆپاگەندە و رێکلامکردن بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە سۆشیاڵ میدیا بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە." بەرپرسێکی وەزارەتەکەش دەڵێت، ئەو بڕیارە سەرجەم نۆرینگە و ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە رێکلام بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی دەکەن.
لە نووسراوێکدا کە رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2023، دەرکراوە و واژۆی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەسەرە، هاتووە، " پروپاگەندە و رێکلامکردن بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە سۆشیاڵ میدیا بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و نابێت لەلایەن پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و تاقیگە، بایۆلۆجی، کیمیایی، دەرمانساز و شوێنەکانی فرۆشتنی دەرمانی کیمیاییەوە ئەم بابەتە بە ناوی هۆشیاری و رێنمایی تەندروستییەوە باس بکرێت."
لەبارەی بڕیارەکە لە نووسراوەکەدا هاتووە، "ئەو بڕیارە لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی و پاڵپشت بە بەرنامەی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاکسازیکردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری لە کەرتی تەندروستی" دراوە.
رۆژی چوارشەممە، 12-07-2023، دکتۆر کاوە خەلیل، بەڕێوبەری گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەو بڕیارە سەرجەم نۆرینگە، کەسانی بەناوبانگی سۆشیاڵ میدیا، مۆدیل، پزیشک و تەنانەت پرۆفیسۆرێکیش دەگرێتەوە کە لە سۆشیاڵ میدیا رێکلام بۆ دەرمان و بابەتی تەندروستی بکات. هەرکەسێک ئەوەبکات سزا دەدرێت."
بە گوتەی دکتۆر کاوە خەلیل، "هەر دەرمانێک کە مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیشی هەبێت و نۆرینگەکەشی مۆڵەتی هەبێت، ناتوانێت چیتر لە سۆشیاڵ میدیا رێکلام بکات و بە هەموو توانایەک هەوڵ دەدەین ئەو بابەتە کۆنترۆڵ بکەین، چونکە دەرمان دەبێت پزیشک بینووسێت نەک رێکلامی بۆ بکرێت."
بەڕێوبەری گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت، "چەندین بابەت هەن رێکلامی بۆ دەکرێت کە بۆ لاوازی یان بابەتی جوانکاری بەکاردەهێندرێت و دەگوترێت هیچ زیانێکی تەندروستی نییە، لەکاتێکدا ئەو بابەتە ئەگەر بە سەرپەرشتیی پزیشک بەکارنەهێندرێت، زیانی دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ