لە ڤێنزوێلا نزیکەی 10 ملیۆن خانم مەترسیی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی HPV هەیە

11-05-2023
شکار رێبوار
پەرستارێک ڤاکسین لە خانمێک دەدات. وێنە: AFP
پەرستارێک ڤاکسین لە خانمێک دەدات. وێنە: AFP
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە ڤێنزوێلا تووشبوون بە شێرپەنجە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە زیادبووە و پزیشکانی وڵاتەکە هۆشداری دەدەن لە کوالێتیی ڤاکسینەکانی ڤایرۆسەکە و دڵنیانین لێی.
 
دکتۆر یراما بالۆو، سەرۆکی پزیشکانی خانمان و منداڵبوون لە کۆمەڵەی شێرپەنجەی ڤێنزوێلا رایدەگەیێنێت، پسپۆڕێکی زۆر هەن ڤاکسینی HPV لێدەدەن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە نازانرێت پلەی گەرمیی ئەم ڤاکسینە چەندە، یاخود نازانرێت چۆن دەگاتە ئێرە.
 
هەروەها ئاشکراشی دەکات، ئەگەر رەچاوی ئەوە نەکەین کە لە چ پلەی گەرمییەک و چۆن دەگاتە ئێرە، هیچ گەرەنتییەکی نابێت. 
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، چەند جۆرێک لە ڤایرۆسی HPV هەن کە باوترینیان دەبێتەهۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدان، هەروەها سێکسکردن لەگەڵ کەسی تووشبوو رێگەیەکی گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیە. 
 
هاوکات ناوەندی شێرپەنجەی ڤێنزوێلاش دەڵێت: نزیکەی 10.3 ملیۆن خانم مەترسیی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە هەیە و ساڵانە 3709 خانم بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تووشی شێرپەنجە دەبن. 
 
پزیشکێکی پسپۆڕی خانمان دەریدەخات، نرخی هەر قورچکێکی ڤاکسین 140 بۆ 150 دۆلارە و دەڵێت: ''نرخەکان زۆر گرانن و خەڵک ناتوانن بیکڕن، چونکە لە بەرنامەی نیشتمانیی کوتاندا ڤاکسینەکە جێگیر نەکراوە، ئەمەش وا دەکات ڤاکسینەکە گرانتر بێت.''
 
سەرەڕای گرانیی نرخی ڤاکسین و ناباشی کوالێتییان، خانمانی ڤێنزوێلا بەردەوامن لە وەرگرتنی ڤاکسینی ڤایرۆسی HPV و رێکخراوەکانی وڵاتەکە هانی خانمان دەدەن کە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە نەشاردرێتەوە و سەردانی پزیشک بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە