لە رانیە پاشماوە پزیشکییەکانی نۆرینگە و نەخۆشخانە تایبەتەکان لە شوێنی نەگونجاو فڕێدەدرێن

02-07-2024
ئەبوبەکر ئیسماعیل
پاشماوەیەکی پشکنینی تاقیگەیی کە بە نازانستی لەنێو زبڵ و خاشاکدا فڕێدراوە. وێنە: رووداو
پاشماوەیەکی پشکنینی تاقیگەیی کە بە نازانستی لەنێو زبڵ و خاشاکدا فڕێدراوە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پاشماوەی پزیشکیی نۆرینگە و کلینیکە تایبەتەکان لەسەر شەقام فڕێدراون و هاونیشتمانییەکیش دەڵێت: بینیومە کە ئەو پارچە گۆشتانەی بە نەشتەرگەری لابراون لەگەڵ خاشاکدا فڕێدراون.
 
درەنگانێکی شەو دوای تەواوبوونی دەوامەکانیان، نۆرینگە و نەخۆشخانە تایبەتەکان پاشماوە پزیشکییەکانیان لەسەر شەقامەکان فڕێدەدەن.
 
کلکەی کۆڵێن لە رانیە شوێنی ژێرخاک خستنی زبڵ و خاشاکی ماڵان، محەممەد حەسەن سێ ساڵە لەم شوێنە لە رێگەی کۆکردنەوەی ئاسن و پاشماوەی پلاستیکی بژێوی ژیانی دابیندەکات، لێم پرسی لەنێو ئەو زبڵ و خاشاکە چیت بینیووە؟ و ئەویش گوتی، ''دەرزیم بینیووە، خوێن و پارچەی گۆشتی مرۆڤیشم بینیوە ئەوانەی بە نەشتەرگەری لابراون لەپاڵ ئەو زبڵ و خاشاکە فڕێدراوانە''.
 
یەکەی لەناوبردنی پاشماوە پزیشکییەکان دەڵێت: رۆژانە زیاتر لە تۆنێک پاشماوەی پزیشکی فڕێدەدەین، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین حکومەت دوو شوێنی دیاریکردووە بۆ لەنێوبردنی پاشماوی پزیشکی، نۆرینگە و نەخۆشخانە تایبەتەکانیش دەتوانن پاشماوەکانیان لەو شوێنانە لەنێو ببەن.
 
بۆ هەر کیلۆیەک دوو هەزار دینارییان لێوەردەگیرێت، بەڵام بەشێکیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نابن و عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، بەرپرسی یەکەی لەنێوبردنی پاشماوە پزیشکییەکان دەڵێت: ''رۆژانە ئێمە 100 بۆ 150کیلۆ لە پاشماوەی پزیشکی و 30 کیلۆ دەرمانی بەسەرچوو بە رێگەی زانستی لەنێودەبەین، کە رۆژانە 5 بۆ 8 جار ئەوکارە دەکەین''.
 
ساڵی رابردوو تەندروستیی راپەڕین 45 شوێنیان بەهۆی پابەندنەبوون بەرێنمایەکانیان داخستووە، 73 شوێنی دیکەش بەبڕی 45 ملیۆن دینار سزاداوە.
 
تەندروستیی راپەڕین دەڵێت: لە رێگەی لیژنەکانمانەوە چاودێریی تووندی کلینیک و نەخۆشخانەکان دەکرێت و لە شەش مانگی ئەمساڵ 25 تۆن پاشماوەی پزیشکی لەنێوبراون.
 
تەها محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی راپەڕین گوتی، هەر شوێنێک بە زانستی پاشماوەکانی فڕێنەدات، سزادەدرێت و رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی راپەڕین، ساڵی رابردوو 60 تۆن پاشماوەی پزیشکی و دەرمانی ماوەبەسەرچوو بە رێگەی زانستی لەنێوبراون، لەشەش مانگی ئەمساڵیش نزیکەی 25 تۆن و لەو ژمارەیەش کەمتر لەپێنج تۆن هی نۆرینگە و نەخۆشخانە تایبەتەکان بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە