لە کەرکووک هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە دژی تای خوێنبەربوون دەستیپێکرد

02-07-2024
شکار رێبوار
تیمەکەی تەندروستیی کەرکووک. وێنە: رووداو
تیمەکەی تەندروستیی کەرکووک. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک هەڵمەتێکی هۆشیاریی تەندروستی راگەیاند و لەو هەڵمەتەشدا گوندەکانی دەوروبەری پارێزگاکە دەکرێنە ئامانج.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی تەممووزی 2024 ئیبراهیم خەلیل، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی دوبز و سەرۆکی ئەو تیمەی کە سەردانی گوندەکانیان کردووە بە رووداوی راگەیاند، ئاژەڵداران قوربانیی سەرەکیی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونن و پێویستە بە هەموو شێوەیەک لەنێویاندا پێشگیری لە نەخۆشییەکە بکرێت.
 
ئیبراهیم خەلیل دەڵێت: ''هەوڵدەدەین تای خوێنبەربوون نەگاتە گوندەکان و تیمی جیاواز دروستکراون بۆ هۆشیارکردنەوەی گوندنشینان لە تای خوێنبەربوون''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەش باسدەکات، ''هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە دوبز تۆمارنەکراوە و تای خوێنبەربوون لە گوندەکان بڵاوببێتەوە، کارەسات دروستدەبێت''.
 
تیمەکەی تەندروستیی کەرکووک بە شێوەی گەڕۆک ئەمڕۆ لە سنووری ناوچەی پردێ دەستیان بە هەڵمەتەکە کردووە و رێنوێنییەکانی خۆپارێزیان بۆ گوندنشینان روونکردووەتەوە.
 
تیمەکە دەیەوێت لە رێگەی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان، خۆپاراستن بکەن بە رێگەی سەرەکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون.
 
رۆژی 26ـی مانگی رابردوو، دووەم تووشبوو بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای سلێمانی و چوارەم لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.
 
لە عێراق ژمارەی تووشبووانی تای خوێنبەربوون لە ئەمساڵدا گەیشتوونەتە 50 کەس، لەنێویاندا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە. 18 لەو تووشبووانە لە پارێزگای زیقارن. محەممەد عەزیز مەیاحی، بەڕێوەبەری ڤێترنەریی پارێزگای زیقار بە رووداوی راگەیاند، سێ لەو تووشبووانە لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە