لە رووسیا قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەی یەکەم ڤاکسینی شێرپەنجە لەسەر مرۆڤ سەرکەوتوو بوو

03-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە رووسیا ڤاکسینی دژە شێرپەنجە قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی بە سەرکەوتوویی لەسەر مرۆڤ تێپەڕاند. 
 
دەزگای دەستپێشخەریی تەکنۆلۆژیای نیشتمانیی رووسیا رایدەگەیەنێت، ڤاکسینەکە بە ناوی AntionkoRAN-M دروستکراوە و لە قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەکاندا لەسەر 13 نەخۆش تاقیکراوەتەوە.
 
هاوکات دەزگاکە ئاشکرای دەکات، ڤاکسینەکە لەلایەن کۆمپانیای بایۆتەکنۆلۆژیی رووسییەوە بەرهەمدەهێندرێت و لە قۆناخی یەکەمدا هیچ کاریگەرییەکی لاوەکیی مەترسیداری دروست نەکردووە و سەلامەتە بۆ بەکارهێنان.
 
ڤیکتۆر کۆکشارۆڤ، پسپۆڕی کوتان لە دەزگاکە دەڵێت: ''دوو ساڵە تاقیکردنەوە لەسەر ئەو ڤاکسینە دەکرێت و هیچ کاریگەرییەکی لاوەکیی لەسەر خۆبەخشەکان دروست نەکردووە''، هاوکات دەشڵێت: ڤاکسینەکە دەشێت بۆ ئەوانە بەکاربێت کە لە مێژووی خێزانەکانیان یاخود پێشووتر شێرپەنجەی 'مەمک، پەنکریاس و پێست'ـیان هەبووە.
 
بۆ یەکەمجار چۆنیەتیی کارکردن لەسەر ڤاکسینی شێرپەنجە لەلایەن پسپۆڕانی رووسیاوە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا روونکرایەوە کە پسپۆڕێکی سەنتەری نیشتمانیی بڵۆخینی تایبەت بە چارەسەر و توێژینەوەیە لەسەر شێرپەنجە لە رووسیا قسەی بۆ رووداو کرد. (کلیک لێرە بکە بۆ بینینی)
 
لە جیهاندا یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی دۆزینەوەی پزیشکی؛ دۆزینەوە و دروستکردنی ڤاکسینی شێرپەنجەیە کە لە کۆمپانیا و وڵاتە جیاوازەکاندا کێبڕکێی پزیشکی دروستکردووە وەکو کۆمپانیای بایۆنتێک، مۆدێرنا و هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەمریکا، رووسیا و ئەڵمانیا.
 
هاوکات کۆمپانیای بایۆنتێکی ئەڵمانی دەریدەخات، چالاکانە کار لەسەر دروستکردنی میکانیزمی گونجاو بۆ بەرهەهێنانی یەکەم ڤاکسینی تاکەکەسی بۆ شێرپەنجە دەکەن، هەروەها ئاشکراشی دەکات، تاوەکو ساڵی 2030 بۆ زیاتر لە 10 هەزار کەس ئامادەدەبێت.
 
تەنانەت لە تاقیکردنەوە کلینیکییە هاوبەشەکانی نێوان هەریەک لە کۆمپانیاکانی مۆدێرنا و مێرد ئاند کۆی ئەمریکی بۆ دروستکردنی ڤاکسینی شێرپەنجە دەرکەوتووە، جۆرە میکانیزمێک بەکاردەهێنن بۆ چارەسەری خانە شێرپەنجەییەکانی پێست کە دوای سێ ساڵ بەکارهێنان، 50٪ـی خانە شێرپەنجەییەکان کەمدەبنەوە.
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ شەش ڤاکسین دژی شێرپەنجە هەن کە هەریەکەیان دژی جۆرە ڤایرۆسێک کاردەکات کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبنەهۆی شێرپەنجە، بەتایبەت ڤایرۆسی جگەر جۆری بی؛ دەبێتەهۆی شێرپەنجە جگەر و پاپیلۆماڤایرۆس؛ دەبێتەهۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدان.
 
رێکخراوەکە ئاشكرای دەکات، لە ساڵی 2022 نزیکەی 20 ملیۆن تووشبووی نوێ لە جیهاندا تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە نۆ ملیۆن و 700 هەزاریان گیانیان لەدەستداوە، هاوکات لەبارەی داهاتووەوە، تەندروستیی جیهانی پێشبینیدەکات، تاوەکو 2050 زیاتر لە 35 ملیۆن تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆماردەکرێن، هۆکاری بەرزبووەنەوەکەش بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێنێتەوە وەکو 'زیادبوونی ژمارەی بەساڵاچووان، زیادبوونی ژمارەی جگەرە و نێرگەلەکێش، زۆرخواردنەوەی کحول، زۆربوونی رێژەی قەڵەوی و پیسبوونی ژینگە و هەوا'.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە