سەرەڕای بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لەسەر شەقامەکانی کەرکووک کوشتارگەی کاتی دانراون و گۆشت دەفرۆشرێت

02-07-2024
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقامێکی کەرکووک. وێنە: رووداو
فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقامێکی کەرکووک. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

لەسەر بەشێک لە شەقامەکانی کەرکووک گۆشت دەفرۆشرێت و چەندین کوشتارگەی کاتی لەسەر شۆستەکان دانراون. سەرەڕای مەترسییەکانی پەتای خوێنبەربوون، رۆژانە دەیان سەر ئاژەڵ بەبێ رەچاوکردنی رێکار و چاودێریی تەندروستی لەسەر ئەو شەقامانە سەردەبڕدرێن و گۆشتەکەیان ساخ دەکرێتەوە.
 
قەسابەکان دەزانن کارەکەیان یاسایی نییە، بەڵام دەڵێن چارەسەرێکی دیکەیان نییە. حوسێن جاسم، قەساب دەڵێت، "راستە کارەکە لەناو شارە، ئێمە حەزناکەین ئازار بە شار و خەڵک بگەیێنین، بەڵام کاسبیەکەمان وایە، ئەگەر دووکانمان پێبدەن و چاودێریی تەندروستی بەسەرمان بکاتەوە، ئیشەکەمان پاک دەبێت، ئەوان و ئێمەش دەحەسێینەوە."
 
قەسابێکی دیکە بەناوی ئەحمەد ئیبراهیم دەڵێت، "رۆژانە حەوت بۆ هەشت مەڕ سەردەبڕین بەگوێرەی ئیش، بەڵام ئیشەکەمان وەکو پێشوو نەماوە و پۆلیس رێگە نادات بە ئاسانی دووکان بکەینەوە، خوا شایەتە رۆژانە شۆستە دەشۆرم و هیچ پیس نییە، با دووکانمان بۆ دروست بکەن و مانگی 200 هەزار دەدەین."
 
تەندروستیی کەرکووک 12 تیمی پشکنین و پێدانی هۆشیاریی دەربارەی مەترسییەکانی پەتای خوێنبەربوون، بەسەر گوند و شارۆچکەکانی پارێزگاکە دابەشکردووە.
 
ئیبراهیم خەلیل، بەرپرسی کەرتی تەندروستیی دوبز دەڵێت، "ویستمان هەڵمەتێکی خۆپاراستن بکەین پێش ئەوەی ئەو پەتایە لە سنووری ئێمە بڵاوببێتەوە، چونکە تاوەکو ئێستا لە سنووری دوبز هیچ تووشبوونێک تۆمار نەکراوە. ئەم پەتایە زۆر کوشندەیە و هەوڵ دەدەین جووتیار بە جووتیار و خاوەن مەڕ و ماڵاتەکان بەسەر بکەینەوە و، رێنماییەکانی خۆپاراستنیان لەو ڤایرۆسە پێ بدەین."
 
لە کەرکووک چوار تووشبوون و گیانلەدەستدانێک بە پەتای خوێنبەربوون تۆمار کراوە، تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، "زۆرینە رێنوێنییە تەندروستییەکان جێبەجێ ناکەن."
 
زیاد خەڵەف، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، "دیاردەی زۆر ناشارستانی و هەڕەمەکی لە شاردا هەن، کوشتارگەی نایاسایی لە کۆرنیش و جێگەی دیکە هەن، زۆرن ئەو دووکانانەی بەبێ مۆڵەت ئەو کارە دەکەن، ئێمە وەکو تەندروستی ئەندامی پشتیوانین و بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە کاری لایەنە ئەمنییەکانە بە هاوئاهەنگیی فەرمانگە پەیوەستەکان."
 
لە 15 پارێزگای عێراق 22 تووشبوون بە پەتای خوێنبەربوون تۆمار کراون، کە پێنجیان لە پارێزگای کەرکووکە، تەندروستیی کەرکووک پشکنینی 18 کەسی ناردووەتە بەغدا و چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەنجامەکەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە