کۆلێژی ئەمریکیی دڵ: پیاوانی ''سینگڵ'' ئەگەری گیانلەدەستدانیان بە جەڵتە زۆرە

03-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی کۆلێژی ئەمریکی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ ئاشکرای دەکات، ئەو پیاوانەی سەڵت ''سینگڵ''ـن ئەگەری گیانلەدەستدانیان زیاترە بەراورد بەوانەی ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە، هۆکارەکەش رووندەکرێتەوە.
 
بەپێی توێژینەوەکە، ئەو پیاوانەی سینگڵن و جەڵتەی دڵ لێیان دەدات، زیاتر لە دوو ئەوەندە ئەگەری گیانلەدەستدانیان بە لێکەوتەکانی جەڵتەکە زۆرترە بەراورد بەوانەی ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە، پسپۆڕانیش دەڵێن، باری کەسێتی دەشێت کاریگەریی لەسەر مەترسیی کێشە تەندروستییەکانەوە هەبێت.
 
هاوکات لە توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی نزیکەی حەوت هەزار پیاوی تەمەن 45 بۆ 84 ساڵ بەکارهات و دەرکەوت، ئەوانەی ژیانی هاوژینییان پێک نەهێناوە، ئەگەری مردنیان بە جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ لە ماوەی پێنج ساڵدا دوو ئەوەندە زیاتر بوو لەوانەی کە سینگڵن.
 
کاترینا لیبا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''بۆمان دەرکەوتووە کە باری کەسێتی پەیوەندیی لەگەڵ لێکەوتەکانی جەڵتەی دڵ دەبێت، چونکە پشت بە چاودێری و ئاگاداربوون لە تووشبووەکە دەبەستێت''.
 
تەنانەت کاترینا لیبا گوتی، پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی و دەروونی یاخود چاودێریی تەندروستی لەنێوان هاوژینان زۆرە، تەنانەت پابەندبوون بە کاتی دەرمانەکان و چوون بۆ پزیشکیشیان باشترە لەو کەسانەی کە سەڵتن و تووشی جەڵتەی دڵ دەبن.
 
بە گوێرەی مایۆکلینیک، ئەمانەی خوارەوە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاددەکەن؛
 
- قەڵەوی یاخود کێشزۆری
- خواردنی خۆراکە خێرا و ئامادەکراوەکان
- ناڕێکیی خەو؛ کەمتربێت لە 5 کاژێر
- کەمیی جووڵە و چالاکیی جەستەیی
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- زۆر خواردنەوەی کحول، خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان
- زۆرخواردنی شیرینییەکان
- بۆماوەیی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە