رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ نەخۆشخانەی بەحرکە بۆ نەخۆشییەکانی هەناو کرایەوە و بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی هەولێر دەڵێت، جگە لەو کارمەندانەی دەستبەکاربوونە، کارمەندی دیکەش پێویستن، بۆیە لە 1ـی ئابەوە ناو تۆمارکردن و دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست، لە نەخۆشخانەکە دەستیپێکردووە و 13ـی ئاب دوا وادەیە.
رۆژی یەکشەممە 06-08-2023، سامان سلێمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ نەخۆشخانەی بەحرکە بۆ نەخۆشییەکانی هەناو کرایەوە و پزیشک، کارمەندی پسپۆر و ئامێری پێویستیشی تێدایە بۆ چارەسەرکردنی هاووڵاتییان، لە داهاتووش لیژنەی پەیوەندیدار بڕیار لەبارەی فراوانکردنی نەخۆشخانەکە دەدات."
بە گوتەی سامان سلێمان، نەخۆشخانەکە جگە لەو پزیشک و کارمەندانەی ئێستا تێیدا کار دەکەن، 100 کەسی دیکەی بۆ دادەمەزرێت و دەڵێت، "بۆ دامەزرانیان لە 1ـی ئابەوە لینکێکی ئۆنڵاینمان لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر داناوە و هەر کەس بە گوێرەی پسپۆری خۆی و مەرجەکان دەتوانێت ناوی خۆی تۆمار بکات و کۆدی بۆ دێت، ئەو ناو نووسینە تاوەکو 13ـی ئەم مانگە بەردەوامە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی هەولێر دەڵێت، لە دوای 13ـی ئاب، ئەو کەسانەی کۆدیان بۆ چووە و مەرجەکان دەیانگرێتەوە لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستی دەیانبینێت و بۆ دامەزراندنیان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت .
بە گوتەی سامان سلێمان، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بڕیاری دامەزراندنی 300 کارمەندی تەندروستی دەرکردووە کە 100 بۆ سلێمانی، 100 بۆ دهۆک و 100 بۆ هەولێرە، ئەو 100 کەسەی هەولێر هەموویان لە نەخۆشخانەی بەحرکە دادەمەزرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ