تەندروستی
تووشبووەکە لە رۆژانی جەژنی قوربان بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵ هەبووە و ئاژەڵی سەربڕیوە. وێنە: رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران رایگەیاند، لە گوندی گەزنە لە باڵەکایەتی تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە، تووشبووەکە گواستراوەتەوە هەولێر و تەندروستیی جێگیرە.
رۆژی پێنجشەممە 06-07-2023 د. کامەران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسەی تووشی تای خوێنبەربوون بووە تەمەنی 35 ساڵە و پێشمەرگەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵ دەکات و دوای دەرکەوتنی کۆمەڵێک نیشانە، دەرکەوتووە تووشبووی تای خوێنبەربوونە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران، تووشبوو دانیشتووی گوندی گەزنەیە لە باڵەکایەتی و دەڵێت، "بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو کەسە یەکەم و دووەم رۆژی جەژنیش بەریەککەوتنی لەگەڵ ئاژەڵ هەبووە و ئاژەڵی سەربڕیوە."
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا رەنگە ببێتە هۆکاری مردن. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
د. کامەران محەممەد دەشڵێت، "کەسی تووشبوو گواستراوەتەوە بۆ هەولێر، لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و تەندروستی جێگیرە؛ هیچ کەسێکیش لە خێزانەکەی نیشانەی تای خوێنبەربوونیان نییە، ماڵەکەیان رشاندنی بۆ کراوە و هەموو رێکارێکمان گرتووەتەبەر."
رۆژی دووشەممە 26-06-2023 دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان 23 گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون هەبوون کە 11یان پشتڕاستکراونەتەوە و پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە."
بە گوتەی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لەو پێنج کەسەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان ژن بووە کە خەڵکی سۆران بوو و مامەڵەی لەگەڵ ئاژەڵی ماڵی هەبوو و دەشڵێت، "ئەوانی دیکەش مامەڵەیان لەگەڵ ئاژەڵ هەبوو؛ کەسێکیان گۆشتفرۆش بوو و مامەڵەی لەگەڵ سەربڕینی ئاژەڵ بووە."
سامان بەرزنجی گوتیشی، "بۆ چارەسەرکردنی تای خوێنبەربوون کۆمەڵێک دەرمان بەکاردێت، وەک ژیناو و دەرمانەکانی هەوکردن، بەڵام گرنگترینیان دەرمانی دژە ڤایرۆسی ریباڤارینە کە لە هەموو شوێنێک هەیە بە بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانیشەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ