زانکۆی میشیگن: پڕۆتینی نێو خۆراک هانی زۆربوونی خانەکانی شێرپەنجە دەدات

04-12-2022
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو – تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی میشیگن لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، تووشبووانی شێرپەنجە بەتایبەت شێرپەنجەی کۆڵۆن، دەبێت رێژیمی خۆراکیی کەمپڕۆتین پەیڕەوبکەن، چونکە ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە مادەی پرۆتین هاندەری زۆربوونی خانە شێرپەنجەییەکانن.
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری گەدە و ریخۆڵەزانی بڵاوکراوەتەوە و دەریدەخات، خۆراکی دەوڵەمەند بە پڕۆتین وەرگرەکانی ترشی ئەمینی چالاکدەکات کە هانی زۆربوونی خانە شێرپەنجەییەکانی کۆڵۆن دەدەن و کاریگەریی چارەسەرەکانیش کەمدەکەنەوە.
 
دکتۆر گریتیل تێریرۆ، پسپۆڕی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی خوێن لە فلۆریدا دەڵێت: ''ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە دەیسەلمێنن، کەمکردنەوەی پڕۆتینی رۆژانە لەنێو خۆراکدا زۆربوونی خانە شێرپەنجەییەکان هێواشدەکات و وەڵامدانەوەی چارەسەرە کیمیاییەکان زیاددەکات.'' 
 
دکتۆر سومیت سۆلانکی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و پسپۆڕی بواری گەردیلەزانی و فیسیۆلۆژی لە زانکۆی میشیگن دەڵێت: ''کەمکردنەوەی ئەو خۆراکانەی پڕۆتینیان تێدایە لەگەڵ چارەسەری کیمیایی دەتوانن سەرکەوتووانە خانە شێرپەنجەییەکانی کۆلۆن لەنێوببەن.'' 
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە سەبارەت بە خۆراکە هاندەرەکانی زۆربوونی خانە شێرپەنجەییەکان روونیدەکاتەوە، شەکر و پرۆتین لەنێو زۆربەی خۆراکەکانی رۆژانەدا بوونیان هەیە، هاوکات خانە شێرپەنجەییەکان پێویستیان بە شەکر و پرۆتین هەیە بۆ ئەوەی زۆرببن، هەربۆیەش خۆراکی کەمپڕۆتین کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر وەڵامدانەوەی چارەسەرە کیمیاییەکانی شێرپەنجە دەبێت.''
 
دامەزراوەی نیشتمانیی شێرپەنجەی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، شێرپەنجەی کۆڵۆن هۆکاری مردنی 8.6٪ـی تووشبووانی شێرپەنجەیە، هەروەها لە ساڵی 2020 نزیکەی 51 هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی شێرپەنجەی کۆڵۆنەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، ئەوکەسانەی خۆراکە خێراکان یاخود خۆراکی کەمڕیشاڵ دەخۆن، زیاتر مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆنیان هەیە، هەروەها رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، 60٪ـی تووشبووانی شێرپەنجەی کۆلۆن لە قۆناخە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە دەتواندرێت چارەسەربکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە