پسپۆڕێکی چاو: پێش کردنەوەی قوتابخانە و باخچەی منداڵان پێویستە چاوی منداڵ بپشکێندرێت

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو دەڵێت، پێش کردنەوەی قوتابخانە و باخچەی منداڵان، پێویستە چاوی منداڵان بپشکنرێت و دڵنیایی هەبێت لە سەلامەتیی چاوی منداڵ.
 
د. ئەحمەد یەحیا، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو بە رووداوی راگەیاند، ئەو منداڵانەی کە لە باخچە یان لە پۆلی یەکی بنەڕەتی وەردەگیرێن دەبێت پشکنینی چاویان بۆ بکرێت و ئاستی بینینیان دیاری بکرێت، چونکە ئەگەری هەیە منداڵەکە چاوی لاواز بێت و ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێتەهۆی تەمبەڵیی چاو.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، تەمبەڵیی چاو نەخۆشییەکی چاوە بەجۆرێک نەخۆش بێ چاویلکە و بەچاویلکەشەوە شتەکانی دەوروبەری بەسافی و روونی و سەد لەسەد نابینێت.
 
هۆکارەکانیشی بریتین لە؛
 
1- ئەگەر منداڵەکە چاوێکی یان هەردوو چاوی خێل بێت.
 
2- منداڵەکە هەردوو چاوی زۆر لاواز بێت یان چاوێکی لاوازتر بێت لە چاوەکەی دیکەی، ئەم جۆرەش لە هەموو جۆرەکان بەربڵاوترە، چونکە هیچ نیشانەیەکی دیاریکراوی نییە، لەبەر ئەوە نە منداڵەکە و نە دایک و باوکی منداڵەکەش هەستی پێناکەن، بەڵکو تەنیا بە پشکنین دەستنیشاندەکرێت.
 
3- ئەگەر منداڵەکە ئاوی سپیی هەبێت یان کێشەی گلێنەی چاوی هەبێت.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا پسپۆڕەکە دەڵێت: ئەم نەخۆشیی چاوە ئەگەر زوو دەستنیشان نەکرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ نەکرێت لە منداڵیدا کە گەورە بوو بەهیچ شتێک چارەسەر نابێت و دەبێتە دێوەزمەیەک لەسەر ژیانی ئەم نەخۆشە و بە بەردوامی خۆی بە کەم دەزانێت.
 
تەنانەت دەشڵێت: ''ئەگەری هەیە کاریگەری بکاتە سەر زیرەکیی منداڵەکەش''.
 
هەر بۆیە پێشنیازدەکات؛
 
1- هەموو منداڵێک پێش ئەوەی بڕواتە باخچەی ساوایان دەبێت پشکنینی چاوی بۆ بکرێت.
 
2- هەموو منداڵێک پێش ئەوەی بڕواتە قوتابخانە دەبێت پشکنینی چاوی بۆ بکرێت.
 
3- پێویستە بەڕێوەبەری باخچەی ساوایان و قوتابخانەی بنەڕەتی هیچ منداڵێک وەرنەگرن، تاوەکو پشکنینی چاوی بۆ نەکرابێت.
 
4- دایکان و باوکان کەمتەرخەم نەبن لە سەر تەندروستیی چاوی منداڵەکانیان، چونکە ئەوان ئەمانەتن لە ئەستۆی ئێوە و چاو هەستیارترین ئەندامی جەستە و پارێزگاری لێبکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە