تەندروستیی گەرمیان: دوو تووشبووی دیکەی کۆلێرا تۆمارکران

04-09-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان دەڵێت، دوو تووشبووی دیکەی کۆلێرا لە سنوورەکەیان تۆمارکراوە و 49 سکچوونیش دەستنیشانکراون. 
 
رۆژی یەکشەممە 03-09-2023، سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رۆژی شەممەوە تاوەکو یەکشەممە، لە کۆی دەستنیشانکردنی 49 سکچوون، دوو کەسیان تووشبووی کولێرا بوون و له‌ نه‌خۆشخانه‌ى قه‌ڵا له‌ كه‌لار خه‌وێندراون. بەوەش ئێستا سێ تووشبوو راگەیێندراوە"
 
لەبارەی پێداویستی پزیشکی و شوێنی مانەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانەکانیان، سیروان محەممەد گوتی، "لەبەرئەوەی مانگانە بودجەیەک بۆ تەندروستی دیاریدەکرێت، گرفتمان نییە و پێداویستی پزیشکی بەردەستن؛ بۆ شوێنیش هێشتا تووشبوونەکان زۆر نین، بەڵام ئەگەر زۆربن گرفتی شوێنی خەوتنی نەخۆشمان دەبێت، چونکە ژێرخانی تەندروستی لە گەرمیان باش نییە و نەخۆشخانەی دیکە دروست نەکراوە." 
 
لەبارەی هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان دەڵێت، "هەموو جۆرەکان هەن، هەیە لەنێو خێزانەکەی بڵاوبووەتەوە و ئەویش تووشبووە یان بە هەر جۆرێکی دیکە، بەڵام بەگشتی کۆلێرا لە سلێـمانییەوە گواسترایەوە بۆ گەرمیان واتا ئەو کەسانەن کە هاتووچۆی سلێمانی دەکەن."
 
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا داواى خۆپارێزیی له‌ هاووڵاتییانی سنوورەکەی کرد و گوتی، "تكایه‌ پاكوخاوێنى رابگرن و به‌ به‌رده‌وامى ده‌سته‌كانتان به‌ باشی بشۆن، هاوكات ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ مه‌خۆن کە گوماناویین و دڵنیاببنه‌وه‌ له‌ پاكیی سه‌رچاوه‌ى ئاوی خواردنه‌وه‌تان."
 
ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان 43 نەخۆش کە سکچوونیان هەیە له‌ بەشی نه‌خۆشخانه‌ى قه‌ڵا خەوێندراون كه‌ 40 له‌و نه‌خۆشانه‌ منداڵن. 
 
رۆژی 27ـی ئاب، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لە 'هۆشدارییەک'دا رایگەیاند، "هاووڵاتییانی سنووری سلێمانی ئاگادار دەکەینەوە کە تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و گومانی بڵاوبوونەوەی کۆلێرای لێ دەکرێت." تاوەکو رۆژی 31ـی ئاب تووشبوونی 10 تووشبووی کۆلێرایان راگەیاند. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە