تەندروستی
ژمارەیەک پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە سلێمانی لەکاتی بایکۆتی دەوام. وێنەکە مانگی ئابە و بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە سلێمانی رایگەیاند، بڕیاریان داوە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی تەندروستی، هەفتەی داهاتوو دەست بە دەوام بکەنەوە.
رۆژی پێنجشەممە 02-11-2023 دارۆ هادی، نوێنەرێکی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە ئەگەری زۆرەوە دوای دابەشکردنی مووچە بڕیار دەدەین بە دەستپێکردنەوەی دەوام و گەڕانەوە بۆ نێو ناوەندە تەندروستییەکان."
بە گوتەی د. دارۆ هادی، ئەگەر لە سلێمانی بایکۆت بشکێندرێت، ئەوە لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیش بایکۆت نامێنێت، چونکە پێکەوە بڕیار دەدەن بایکۆت بکەن یان بگەڕێنەوە.
ئەو نوێنەرەی پزیشکانی نیشتەجێ خولاو لەبارەی داواکارییەکانیان رایگەیاند، "داوامان کرد لەکاتی خۆیدا مووچە دابەشبکرێت، چونکە هەر فەرمانبەرێک کە 30 رۆژ زیاتر تێبپەڕێت و مووچەی وەرنەگرت، هەقی خۆیەتی دەوام نەکات، ئەم واقیعەش دووبارە دەبێتەوە، بۆیە داوامان کرد دەواممان هاوتەریب بێت لەسەر مووچەکانمان و پێمان گوتوون، ئەگەری دووبارە بایکۆتکردن هەیە، ئەگەر مووچە دوابکەوێت."
رۆژی چوارشەممە 01-11-2023 پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند راگەیێندراوێکی هاوبەشیان ئاراستەی رای گشتی و هەریەک لە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان؛ رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان؛ سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی؛ ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە و سیروان محەممەد، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەکو پزیشکانی گەنج بەردەوام لە خزمەتی هاووڵاتییان بووین، سەرباری دواکەوتنی شایستە داراییەکانمان و دروستبوونی ئاستەنگ و بارگرانی هەموو کاتێک بێکەموکورتی لە ناو نەخۆشخانەکان لە خزمەتی نەخۆش بووین، بەڵام گرنگە لامان بۆ رای گشتی روون بکەینەوە ئێمەی پزیشکانی گەنج بەدەر لە مووچەکانمان سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتمان نییە و بۆ بەردەوامبوونمان پێویستمان بە پێدانی شایستە داراییەکانمان هەیە و لە ئەگەری زیاتر دواکەوتنی مووچەکانمان ناتوانین چیدی بەردەوامی بدەین بە بوونمان لە ناو نەخۆشخانەکان."
بایکۆتی پزیشکانی نیشتەجێ خولاو و پلەبەند لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 02-11-2023 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 450 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری وەزارەت و رۆژی شەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت و لە 9ی مانگ دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ