رووداو دیجیتاڵ
خێزانێکی پێنج کەسی لە شاری سۆران لە پارێزگای هەولێر ژەهراوی بوون و گوێزراونەتەوە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران دەڵێت، هۆکارەکە بەکتریای بۆتۆلیزمە.
رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، سیداد یەعقوب، کوڕی ئەو پیاوەی کە ژەهراوی بووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی 25ـی مانگی رابردوو، باوکم لە مزگەوت گەڕاوەتەوە و لە پێش مزگەوتەکە عەرەبانەیەک هەبووە هەنگوین و پەنیری تورکی فرۆشتووە، ئەویش دوو کیلۆ پەنیری کڕیوە. دوای ئەوەی هێنراوەتە ماڵەوە و خواردوویانە، دۆخی تەندروستییان تێکچووە."
بە گوتەی سیداد یەعقوب، باوکی، دایکی، دوو برا و سێ خوشکی لە پەنیرەکەیان خواردووە و پێنج کەسیان تەندروستییان زیاتر تێکچووە و رۆژی هەینی گوێزراونەتەوە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر، ئەوانیش باوک و دایکی کە لەدایکبووی 1974ـن، برایەکی تەمەن 18 ساڵ کە لەژێر چاودێریی چڕدایە و دوو خوشکی کە یەکێکیان تەمەنی 22 ساڵە و خوێندکاری قۆناخی دووەمی زانکۆیە و ئەوی دیکەیان تەمەن 28 ساڵە.
سیداد یەعقوب دەڵێت، "دایکم، باوکم و خوشکە تەمەن 22 ساڵانەکەم پێنج رۆژە دۆخی تەندروستییان زۆر خراپە و تەنانەت لە هەینییەوە بێهۆشن؛ براکەم کە لە چاودێریی چڕە و خوشکە تەمەن 28 ساڵانەکەم تا رادەیەک تەندروستییان باشە".
باوکی سیداد 25ـی تشرینی یەکەم پەنیرەکەی کڕيوە و رۆژی دواتر تەندروستییان تێکچووە کە یەکەمجار ئازاری باوکیان لە چاویەوە دەستیپێکردووە. سیداد دەڵێت، "دایکم، باوکم و خوشکێکم پێویستیان بە دەرزییەکە بە ناوی (vial,botulism anti-toxin). بە گوتەی پزیشکەکان، ئەو دەرزییە لە هەرێمی کوردستان نییە."
هەر ئەمڕۆ دکتۆر کامەران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بە رووداوی راگەیاند، "کۆتایی هەفتەی رابردوو خێزانێکی پێنج کەسی گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە کە ژەهراوی ببوون؛ سێ کەسیان تەندروستییان خراپ بوو و ئێستا هەندێک باشترن؛ ئەوان بەهۆی خواردنی پەنیر و هەنگوینەوە ژەهراوی بوون".
بە گوتەی کامەران محەممەد، "ئەو نەخۆشییەی کە لە شیرەمەنییەوە دەگوازرێتەوە، زۆر دەگمەنە و 10 بۆ 15 ساڵە ئەو کەیسە نەبووە و ئەوە یەکەمجارە لە سۆران سەری هەڵداوەتەوە. ئەوە ژەهراویبوونە بە بەکتریای بۆتۆلیزمە کە چەندین ساڵ بوو نەمابوو. مەرجیش نییە کاریگەرییەکەی لەسەر هەموو کەس وەکو یەک بێت، بەگوێرەی بەرگریی جەستەی مرۆڤەکەیە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران، مردن بە بەکتریای بۆتۆلیزم 50٪ـە و دەشڵێت، "پەنیر و شتەکان دەستیان بەسەردا گیراوە و لایەنی پەیوەندیدار بەدوای سەرچاوەکەیدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بزانن لە کوێوە هاتووە تاوەکو خەڵکی زیاتر تووش نەبن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ