رووداو دیجیتاڵ
لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس کە ئێستا لە پاریسی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، لیلیا لیتوڤسکا، دیزاینەری ئۆکراینی، بە نوێترین کۆمەڵە دیزاینی بەشداربوو و لە رێگەیەوە؛ پەیامی خۆشەویستی و ئاشتیی هەیە.
دیزاینەکان بریتین لە جلوبەرگی ئامادەکراو بۆ پاییز و زستانی 2024 و 2025 و بەناونیشانی "Underwater"یە.
دیزاینەر بۆ کۆمەڵە دیزاینەکەی، ئیلهامی لە گەشتێکی بۆ چیاکانی هێمالایا وەرگرتووە، تێیدا هەستی بە ئاشتی و سەقامگیری کردووە لە کاتێکدا وڵاتەکەی دوو ساڵە بە دەست شەڕ و نەبوونی دۆخێکی سەقامگیر دەناڵێنێت.
لیلیا لیتوڤسکا، لەگەڵ گرووپێکی 35 کەسی لە ئۆکراینا کاردەکات، لە کاتێکدا وڵاتەکەی بە شەڕدا تێدەپەڕێت و رایگەیاند، ئەو پلانی نییە لە کارکردن بوەستێت، هەرچەند دۆخەکە سەختە، بەڵام ئەوان لە داهێنان بەردەوام دەبن، چونکە داهێنان واتە خۆشەویستی.
نمایشکردنی دیزاینەکانی رۆژی چوارشەممە 28ـی شوباتی 2024 بەڕێوەچوو و بە ئامێری گیتاری کارەبایی میوزیک بەشێوەیەکی راستەوخۆ پێشکێشکرا.
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس، بە بەشداری بەناوبانگترین براند و دیزاینەرەکانی بواری فاشن لە 26ـی شوباتی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 5ـی ئازار لە پاریس بەردەوام دەبێت.
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس لە 26ـی شوباتی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 5ـی ئازار لە پاریسی فەرەنسا بەردەوام دەبێت.
هەفتە نمایشەکە ساڵانە بەپێی وەرزەکان سازدەکرێت، جگە لە جلوبەرگی ژنان، نمایشی تایبەت بە جلوبەرگی پیاوانیشی هەیە، هەفتە نمایشی جلوبەرگی ئاسایی و گرانبەها لەخۆدەگرێت.
میلان، پاریس، لەندەن و نیۆیۆرک لە هەفتە نمایشی بەناوبانگەکانی جیهانن و ئەمساڵ هەفتە نمایشی جلوبەرگی دوبەیش دەستیپێکرد و دەیەوێت ناوی بخاتە لیستی هەفتە نمایشە بەناوبانگەکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ