رووداو دیجیتاڵ
زۆزک قەرەداخی، ئاوازدانەری کورد، بەرهەمێکی میوزیکی لە ئاوازی خۆی بڵاودەکاتەوە و لە بەرهەمەکەدا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەردەشێر کامکار، ئاوازدانەر و میوزیکژەنی کورد میوزیک دەژەنن.
زۆزک قەرەداخی، بە رووداوی راگەیاند، "بەهار" نوێترین بەرهەمی میوزیکییەتی و کۆنسێرتینۆیەکە بە کەمانچە و ئۆرکێسترا و لە ئامادەکردنی خۆیەتی، میلۆدی نوێ و فۆلکلۆری کوردی بە پشتبەستن بە بنەما و تەکنیکەکانی میوزیکی کلاسیک؛ بە شێوازی سەمای ڤاڵس داڕێژراوە، بە شێوەیەک کە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی پاراستووە.
روونیشیکردەوە، بەرهەمەکەی بە بنەمای لێهاتوویی شێوەژەندنی کەمانجەی ئەردەشێر کامکار بنیاتناوە و بە هاوکاریی ژەنیارانی ئۆرکێسترای تاران ژەنراوە. گوتیشی، تۆمار و ماسترینگی بەرهەمەکە لەلایەن نەڤید شاهبیکی کراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەرهەمەکە بە سپۆنسەری لقی سلێمانیی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و ئینستیتیوتی داکۆ بۆ گەشەپێدانی کولتووری و هونەری بەرهەمهاتووە.
بەم دواییە کتێبێک بەناوی "خرامان" لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی هەستان لە تاران چاپ و بڵاوکرایەوە، کە پێکهاتووە لە حەوت پارچە میوزیک بۆ کەمانچە و ئامێرە میوزیکییە ژێدارەکان، لە ئاوازی ئەردەشێر کامکار و دابەشکردنی میوزیکیی زۆزک قەرەداخییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ