پاریس دەبێتەوە سەکۆیەک بۆ دەستڕەنگینی دیزاینەرە جیهانییەکان

28-02-2024
پەسار فایەق
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس، وێنەی: AFP
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس، وێنەی: AFP
نیشانەکردن هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پاریس کە پێگەیەکی تایبەت و بەرزی لە جیهانی فاشن و جلوبەرگدا هەیە، ساڵانە چەندین هەفتە نمایشی تێدا بەڕێوەدەچێت، ئێستا هەفتە نمایشی تایبەت بە پاییز و زستانی 2024 و 2025 بەڕێوەدەچێت.
 
هەفتە نمایشەکە مەبەستی بوو دەستپێکێکی بەهێزی هەبێت، بۆیە براندی دیۆری هەڵبژارد کە یەکێک لە براندە فەرنسییەکانە و ناوبانگییەکی جیهانیی هەیە.
 
کۆمەڵە دیزاینی دیۆر لە هەفتە نمایشەکەدا بەناوی "میس دیۆر"ـە، کولتووری پۆپ رەنگدانەوەی لەسەر هەیە و گەڕانەوەیە بوو بۆ شەستەکانی سەدەی رابردوو.
 
لە هەفتە نمایشەکەدا 13 خانە کۆمەڵە دیزاینەکانیان دەخەنەڕوو، بەشێکیان لەسەر ستەیج و بەشێکیان بەشێوەی ئۆنلاین.
 
ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە دیزاینەرە گەنجەکان لەو هەفتە نمایشە ئامادە دەبن و ئامانجیان بەناوبانگبوون و گەیشتنە بە ناوبانگییەکی جیهانی.  
 
لە کۆلێکشنی نوێی دیۆر، چەندین رەنگ بەکارهاتووبن، بەڵام زیاتر رەنگی زێڕین، سپی و رەش زاڵ بوون، هەروەها سوود لە رەنگ و شێوەی پڵنگ لە بەشێک لە دیزاینەکاند بەکارهاتبوو.
 
دیۆر، ناوێکی درەوشاوەی جیهانی فاشنە، بۆیە ئەو ئەستێرانەی بەرهەمەکانی بەکاردێنن، ئەستێرەی نێوداری جیهانن، لەوانە جێنیفەر لۆرانس و ناتالی پۆرتمان کە لە ریزی پێشەوەی نمایشەکە ئامادەبوون. 
 
کۆلێکشەنەکە؛ یادکردنەوەی مارک بۆهان، دیزاینەری دیۆر بوو کە لە 1968 کۆمەڵە دیزاینێکی بە هەمان ناونیشان بڵاوکردەوە.
 
یەکێکی دیکە لە براندە بەشداربووە گرنگەکان، سان لۆران بوو کە بۆ دیزاینەکانی ئیلهامی لە باڵی مێرووەکان وەرگرتبوو. 
 
رۆژی سێشەممە 27ـی شوباتی 2024 داڤی سەن، دیزاینەری چینی، نوێترین کۆمەڵە دیزاینی خۆی لە هەفتە نمایشەکەدا خستەڕوو.
 
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس لە 26ـی شوباتی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 5ـی ئازار لە پاریسی فەرەنسا بەردەوام دەبێت.
 
هەفتە نمایشەکە ساڵانە بەپێی وەرزەکان سازدەکرێت، جگە لە جلوبەرگی ژنان، نمایشی تایبەت بە جلوبەرگی پیاوانیشی هەیە، هەفتە نمایشی جلوبەرگی ئاسایی و گرانبەها لەخۆدەگرێت.
 
میلان، پاریس، لەندەن و نیۆیۆرک لە هەفتە نمایشی بەناوبانگەکانی جیهانن و ئەمساڵ هەفتە نمایشی جلوبەرگی دوبەیش دەستیپێکرد و دەیەوێت ناوی بخاتە لیستی هەفتە نمایشە بەناوبانگەکانەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە