براد پیت ئۆتۆمبێل بە خێرایی 290 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا لێدەخوڕێت

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن F1 براد پیت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

"F 1" نوێترین فیلمی براد پیت، ئەکتەری ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکارە، لە دیمەنێکی نێو فیلمەکەدا، ئۆتۆمبێل بە خێرایی 290 کیلۆمەتەر لە یەک کاژێردا لێدەخوڕێت.
 
کۆمپانیای ئەپڵ بۆ بەرهەمهێنانی سینەمایی، ترەیلەری فیلمەکەی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا پیت رۆڵی شوفێرێکی "فۆرمولا یەک - Formula 1" دەگێڕێت و دیمەنی خێرا لێخوڕینەکەی راستەقینەیە.
 
لە فیلمەکەدا پیت (60 ساڵ)، رۆڵی شوفێرێک بەناوی سۆنی هایز دەگێڕێت کە لە نەوەدەکاندا بەشداریی لە پێشبڕکێی خێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا کردووە، بەڵام بەهۆی رووداوێکەوە دوور دەکەوێتەوە، دواتر وەک راهێنەر دەگەڕێتەوە نێو پێشبڕکێی فۆرمولا یەک و دوایین جار دووبارە دەرفەتی بەشداربوون وەک شوفێر لە پێشبڕکێیەکەدا پێدەدرێت.
 
ترەیلەری فیلمەکە چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێشی بۆ هۆگرانی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلە خێراکان لەخۆدەگرێت. 
 

براد پیت لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە فیلمی "F1"

لەلایەکی دیکەوە، لە سەرەتای 2025، پڕۆژەی فیلمی "Heart Of The Beast" راگەیێندرا کە ئەو ئەکتەرە وەک ئەکتەری سەرەکی و بەرهەمهێنەر تێیدا بەشدار دەبێت.
 
فیلمەکە لە دەرهێنانی دەیڤن ئایێر، دەرهێنەری ئەمریکییە و لە بەرهەمهێنانی "پاڕامۆنت پیکچەرز"ـە و لە جۆری بەرهەمە ئەکشن و سەرکێشییەکانە. ئەم فیلمە دەبێتە دووەم کاری هاوبەشی پێت و ئایەر لە دوای فیلمی "Fury" کە 2014 بەرهەمهێنراوە.
 
چیرۆکی فیلمی "Heart of the Beast" لەلایەن کامیرۆن ئەلێکسەندەر نووسراوە، ناوەڕۆکی باس لە سەربازێکی پێشوو دەکات، لە دوای کەوتنی فڕۆکەکەیان، لەگەڵ سەگەکەی هەوڵی مانەوە لە ژیان دەدات.
 
براد پیت، جگە لەوەی یەکێک لە ئەکتەرە دیارەکانی سینەمایی هۆڵیوود و جیهانە، وەک بەرهەمهێنەریش لە پیشەسازی سینەمادا کار دەکات، براوەی چەندین خەڵاتی ئۆسکارە، لەوانەش باشترین ئەکتەری لاوەکی، فیلمێکی خەڵاتی باشترین فیلمی بەدەستهێنا کە بەرهەمهێنەری بووە، جگە لە بردنەوەی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب، بافتا و ئێمی پرایم تایم.
 
لە 2006 تاوەکو 2008 لە لیستی ساڵانەی سەت کاریگەرترین پیاوانی جیهاندا بووە، هەروەها ناوی لە لیستی تایم بۆ سەت کاریگەرترین پیاوانی جیهان لە 2007ـدا بووە.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە