رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی گفتوگۆیەکی کراوە بۆ راگەیاندنی پرۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بە ناونیشانی "چیرۆکی کوردبوون، لە نێوان بێدەوڵەتی و دروستکردنی کاریگەری نێودەوڵەتی، دیپلۆماسی کولتووری وەک رێگە چارە" رێکخرا.
گفتوگۆکە رۆژی پێنجشەممە 20ـی ئاداری 2025 لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و بە ئامادەبوونی زیاتر لە 30 کەسایەتی ئەکادیمی، بەرپرسی باڵای دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان و کوولتورناسان بەڕێوەچوو.
ناونیشانی گفتوگۆکە، ناونیشانی تێزی توێژینەوەیەکی ئەکادیمی سۆران نەقشبەندی، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بواری دیپلۆماسی کولتووری بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی کاتۆلیکا لە رۆمای وڵاتی ئیتالیا بوو.
لە دەستپێکی گفتوگۆکەدا، عەدنان عوسمان، سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن گوتەیەکی پێشکێشکرد کە تایبەت بوو بە گرنگیی پاڵپشتیکردنی پرۆژەیەکی درێژخایەن لەبواری کولتووریدا بۆ نەتەوەی بێدەوڵەتی کورد.
دواتر سۆران نەقشبەندی کێشەی توێژینەوەکە و ئەنجامە سەرەکییەکانی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، پاشان پرۆژەیەکی پێشکێشکرد تاکو بکرێتە بنەمای کارکردنی دامەزراوەکە بۆ دروستکردنی کۆدەنگی بۆ پێشخستنی دەنگی نەتەوەی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
سۆران نەقشبەندی بە رووداوی راگەیاند: پڕۆژەکە پێکدێت لە پلان و ستراتیژی درێژخایەن، لەوانەش بەکارهێنانی ئیندێکس و چوارچێوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئیپسۆس و ئانهۆڵت بۆ پێوانی ئاستی زیندوویەتی نەتەوەکان لەبوارە ژیارییە جیاجیاکاندا، هەروەها کار بۆ ئەنجامدانی لۆبی گشتگیر بۆ دروستکردنی براندی نەتەوەیی بۆ کورد لەسەرئاستی جیهاندا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا هەمان دانیشتن و گفتوگۆ لە هەولێری پایتەخت ئەنجامبدرێت؛ بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و هەلی کارکردنی هابەشی دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان لەبواری دیپلۆماسی کولتووری و براندینی نەتەوەیی بۆ کورد لەسەر ئاستی جیهاندا.
بەشداربووان بەدرێژایی چوار کاژێر گفتوگۆیان لەبارەی بابەت و راسپاردەکانیان کرد و کۆدەنگبوون لەسەر پشتگیریکردنی پرۆژەکە و هاوبەشبوون لەسەرخستنیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ