رووداو دیجیتاڵ
'نەسرین' یەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی هونەرمەند تاهیر تۆفیقە، بە دابەشکردنێکی نوێ لەلایەن تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە و بە دەنگی ئازیتا لوقمان، دووبارە تۆمار و بڵاوکرایەوە.
"نەسرین" لە هۆنراوەی شاعیر عەونییە و لە ئامادەکردنی دەوەن مەلوودە، دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن هەڵوێست وشیار کراوە.
سەفین عەبدولڕەزاق، ژەنیار و ئەندامی تیپی مۆسیقای باواجی، بە رووداوی راگەیاند، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی گۆرانییەکە لە بیرۆکەی تیپی باواجی کۆیەیە و بەشێک لە ئەندامانی گرووپەکە لە کارە هونەرییەکەدا بەشدارن، چونکە کۆی گشتی ئەندامانی گرووپەکە 75 ئەندامن.
روونیشیکردەوە، هونەرمەند تاهیر تۆفیق لە گۆرانییەکەیدا تەنیا بەشێکی لە شیعرەکەی عەونی، شاعیری کۆچکردووی بەکارهێنابوو، بەڵام لەم بەرهەمە نوێیەدا بە دەنگی ئازیتا لوقمان، تەواوی شیعرەکەی عەونی بەکارهاتووە.
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە دەرهێنانی دیاکۆ ماکۆکە و لە قشڵەی کۆیە وێنەگیراوە و دیمەنی ئاگری نەورۆز لەخۆدەگرێت و بەبۆنەی جەژنی نەورۆز بەرهەمهێنراوە.
تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، لە 1957 بە سەرپەرەشتی هونەرمەند ئەندریۆس خەمۆ ناسراو بە "باکووری" دامەزرا. سەرەتا وەک گرووپی میوزیکی قوتابخانەی کوڕانی کۆیە بوو، لە 1958 بە ناوی تیپی مۆسیقای باواجی ناسێندراوە و لە ئازاری ھەمان ساڵ یەکەم کۆنسێرتی خۆی سازکرد. لە 1ـی ئازاری 1972 مۆڵەتی فەرمیی وەرگرتووە.
بەھۆی ئەوەی زۆرینەی ئەندامانی تیپەکە لە 1974 چوونە ریزی شۆڕشی ئەیلوولەوە، لەلایەن رژێمی بەعس مۆڵەتی لێ وەرگیراوە، دواتر لە 1983 دووبارە چالاککرایەوە.
تەواوی بەرهەمەکە لە یوتیوبی رووداو ستریم ببینە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ