رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵێک گەنجی بەهرەمەند چاوەڕێی زەنگی دەستپێکردنی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازن، خاوەنی پرۆژەی سینەمایین کە پێویستیان بە هاوکاری پاڵپشتی کۆمپانیای بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی گەورەیە لە فێستیڤاڵی فیلمی کان، لە نێویاندا تەنیا کچە کوردێک هەیە، ئەویش دڵپاک مەجید، کچە دەرهێنەری کوردی ئێزیدییە.
ئەو دەرهێنەرە بەر لە سێ ساڵ بڕیاریدا چیرۆکی دایک و کچێک لەگەڵ 40 سەر مەڕ و بزنیان لە کۆمەڵگەی شاریای سەر بە پارێزگەی دهۆک بەرهەمدەهێندرێت و ئەو شوێنەیە کە ئەو دەرهێنەر لێی دەژی.
دڵپاک مەجید، دەرهێنەری فیلمی "من و دایکم" بە رووداوی راگەیاند: "فیلمەکە لە 2026 ئامادە دەبێت، واتە ئەو کاتەی ئامادە دەبێت بۆ ناردنە فێستیڤاڵە جیهانییەکان، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم هاوکارییان کردووین، ئەو شتەی ئێستا ئێمە کاری لەسەر دەکەین بە هەر کچ و کوڕێکی کوردی دەرهێنەر دەڵێم، دەبێت ئارامییەکی زۆرتان هەبێت تا فیلمێکی درێژ درووستبکەین و بگەنە ئاستێکی جیهانی".
پۆستەری بەڵگە فیلمەکەی لە فێستیڤاڵی فیلمی کانە کە تۆڕی میدیایی رووداو هاوبەشی بەرهەمهێنانیەتی، ماوەی سێ ساڵ کار لەسەر ئەم پرۆژەیە کراوە و لەسەرەتای ئەم ساڵەوە دەست بە وێنەگرتنی فیلمەکە کراوە، پرۆدیوسەری فیلمەکە مەڕوە تەمامە کە خەڵکی میسرە و لە قاهیرە لەگەڵ دەرهێنەر لەسەر کارەکە رێککەوتوون".
مەڕوە تەمام، پرۆدیوسەری فیلمی "من و دایکم" بە رووداوی راگەیاند: "یەکەم جار لەگەڵ دڵپاک یەکمان بینی لە لوبنان بوو، شتێکی زۆرم لەسەر کورد و ئێزیدییەکان نەدەزانی، بەڵام ئەو چیرۆکەکەی ئەو دوو ژنەی بۆ باسکردم، یەکسەر هەستم بە پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو دوو ژنە بەهێزە کرد، پێموایە زۆر ژنی عەرەب چیرۆکی هاوشێوەی ئەم دایک و کچەیان هەیە، چونکە ئێمە هەمان بەربەست و ترس و خەونمان هەیە".
بەڵگەفیلمی "من و دایکم" لە مانگی ئابی 2023 لە دیدارێکی سینەمایی لە بۆسنیا لە نێو 22 پرۆژە بووەتە براوە، بەهۆیەوە ئێستا لە بەشی سپۆتلایتی بەڵگەفیلمەکانی فێستیڤاڵی کان بەشدارە.
پیرێ ئەلێکسیس چێڤیت، بەرپرسی بەشی کان دۆکس بە رووداوی راگەیاند: "ئەو چیرۆک و کارەکتارانە نوێن بۆ من و پێشتر نەمبینیون، زۆر چێژم لێبینی، بەتایبەتی لە چیرۆکەکە، لەو وزە و دڵسۆزیەی دڵپاک و مەڕوا پیشانی ئێمەیاندا".
لە بەشی سپۆت لایتدا، بۆ ماوەی نۆ رۆژ فێستیڤاڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای پرۆدەکشن و بڵاوکردنەوەی جیهانی دەستنیشانکردووە، بۆ ئەوەی ئاشنای پرۆژەکانی وەک بەڵگەفیلمی "من و دایکم"ـیان بکات، دواتر هەر کۆمپانیایەک بگاتە رێککەوتن لەگەڵ پرۆژەکە، دەبێت پاڵپشتی دارایی بکات.
کاتارینا رادیسک، نوێنەری کۆمپانیایەکی بڵاوکردنەوەی بەریتانی، بە رووداوی راگەیاند: "پرۆژەیەکی زۆر باشە، چونکە زۆر ژنی هاوشێوەی ژنەکانی نێو چیرۆکەکە هەن، واتە ژنی بەهێز دەتوانن خۆیان لەو چیرۆکە بدۆزنەوە لە هەموو جیهاندا".
بودجەی پرۆژەکە تاوەکو ئێستا بە 2015 هەزار دۆلار خەمڵێنراوە، لەو بەشەی کان کە فیلمەکەی "من و دایکم"ـی تێدا بەشدارە، پڕۆژەی هەشت بەڵگەفیلمی دیکە هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ