‎فێستیڤاڵی دەریای سوور بە بەشداریی ئەستێرەکانی جیهان و فیلمسازانی کورد کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چالاکییەکانی چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور کۆتاییهات، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی ئەستێرە دیارەکانی سینەمای جیهان بەسەر فەرشی سووریدا و خەڵاتکردنی فیلم و هونەرمەندە براوەکانی خولی ئەمساڵ.
 
لە دوای دابەشکردنی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ لە هەشتەمین رۆژی فێستیڤاڵدا، نۆیەم رۆژ و دەیەمین رۆژی فێستیڤاڵ بۆ پێشاندانی فیلمەکانی فێستیڤاڵ تەرخانکرا، رۆژی شەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە پێشاندانی فیلمە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵ بەردەوام بوو.
 
لە هەشتەمین رۆژی فێستیڤاڵدا خەڵاتەکان راگەیێندران و ژمارەیەک ئەستێرەی نێوداری جیهانی بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
 
فیلمی "Red Path" خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا، ئەویش خەڵاتی یوسری زێڕینە بۆ باشترین فیلمی درێژ، هەروەها دەرهێنەرەکەی لوتفی عاشوور خەڵاتی باشترین دەرهێنەری وەرگرت.
 
خەڵاتی یوسری زیوین بۆ باشترین فیلمی درێژ، بەخشرایە فیلمی "To a Land Unknown" لە دەرهێنانی مەهدی فلیفل. خەڵاتی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵ بۆ باشترین فیلمی درێژ، بەخشرایە فیلمی "Seeking Haven for Mr. Rambo" لە دەرهێنانی خالید مەنسوور.
 
خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو، بەخشرایە مەحموود بەکری بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "To a Land Unknown". خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن، بەخشرایە مریەم شەریف بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "Snow White".
 
عودەی رەشید، خەڵاتی باشترین سیناریۆی لە رێگەی فیلمی عێراقی "Songs of Adam" بەدەستهێنا. لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی بەشداریی سینەمایی دەبەخشرێت، خەڵاتەکەش ئەمساڵ بەخشرایە فیلمی "To Kill a Mongolian Horse".
 
خەڵاتی یوسری زێڕین بۆ باشترین کورتە فیلم بەخشرایە فیلمی "Hatch" کە پانتا ساڵح، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی کەنەدا، بە هاوبەشی لەگەڵ عەلی رەزا کازمی، دەرهێنەری فارس کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
 
پانتا ساڵح لە دوای بەدەستهێنانی خەڵاتەکە بە رووداوی راگەیاند، زۆر دڵخۆشە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەیە و دڵخۆشە بۆ تۆڕێکی کوردی قسە دەکات، لەبەر ئەوەی ئەو کوردە، گوتیشی، بۆ ئەوان جێگەی سەرسوڕمان بوو ئەو خەڵاتەیان بردەوە.
 
خەڵاتی یوسری زیوین بۆ باشترین کورتە فیلم بەخشرایە فیلمی "Alazar" لە دەرهێنانی بیزا هایلۆ. خەڵاتی رۆژهەڵات بۆ باشترین بەڵگەفیلم، بەخشرایە فیلمی "State of Silence". جگە لە بەخشینی چەند خەڵاتێکی دیکە.
 
پریانکا چۆپرا، ئەستێرەی سینەمای بۆلیوود و هۆلیوود، کاتێک لەگەڵ هاوژینەکەی نیک جۆناس، گۆرانیبێژی ئەمریکی بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێدەپەڕین، پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو بۆ فێسیڤاڵەکە توانی سەرنجیان بە لای خۆی و مایکی رووداو دا رابکێشێت و قسە بۆ رووداو بکەن، پریانکا چۆپرا لەبارەی خەڵاتکردنی گوتی: "پێش هەموو شتێک من زۆر دڵخۆشم کە فێستیڤاڵی سینەمایی دەریای سوور سینەمای تەواوی جیهان پێکەوە کۆدەکاتەوە، ئەمەش وادەکات زۆر هەست بە شانازی بکەم، هەروەها ئەو رێزلێنانەی پێم دراوە زۆر جێگەی خۆشحاڵیمە، ئامادەبوونی هاوژینەکەم، هاوکارانم و هەموو ئێوەش وادەکات کە زۆر هەستێکی خۆشم هەبێت". 
 
نیک جۆناسی هاوژینی لەبارەی خەڵاتکردنەکە بۆ رووداو گوتی: "زۆر شانازی پێوە دەکەم، ئەو وەک هاندەرێکە بۆ فیلمی ئینتەرتێیمنتی جیهانی". گوتیشی: "زۆر خۆشحاڵم لێرەم و پاڵپشتی دەکەم".
 
بەر لە دابەشکردنی خەڵاتەکان لە هەشتەمین رۆژی فێستیڤاڵدا، توبا بیوکستون، ئەکتەری ناسراوی تورکیا و ئەندامی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵ، بۆ نێردراوی رووداو قسەی کرد و گوتی: "هەموو کەسێک ئەزموونێکی جیاوازی لەم جیهانەدا هەیە، نابێت بە شێوەیەکی گشتی قسە بکەین، بە بڕوای من هەموو کەسێک دەبێت ئەو شتە دەرببڕێت کە لە ژیاندا ئەزموونی کردووە".
 
ئەستێرەی هەرە دیاری سەر فەرشی سووری هەشتەمین رۆژی فێستیڤاڵ، جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی بوو و بۆ پێشاندانی نوێترین فیلمی وەک دەرهێنەر ئامادەبوو، بەڵام لەسەر فەرسی سوور قسەی بۆ هیچ میدیایەک نەکرد.
 
ڤیۆلا دەیڤس، ئەکتەری ئەمریکی، یەکەم ژنە ئەکتەری رەشپێستە سێ خەڵاتی هەرە گرنگی بەدەستهێناوە، ئەویش ئۆسکار، ئێمی و تۆنییە، لەسەر فەرشی سوور دەرکەوت و خەڵاتی رێزلێنانی فێستیڤاڵی پێبەخشرا.
 
سارا جێسیکا پارکەر، ئەکتەری ئەمریکی کە لە فیلم و زنجیرەی بەناوبانگی "Sex and The City" رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، ئەستێرەیەکی دیکەی سەر فەرشی سوور بوو.
 
دەیڤ پاتێل، ئەکتەری بەریتانی بە رەچەلەک هیندی، ئەستێرەیەکی دیکەی سەر فەرشی سووری هەشتەمین رۆژی فێستیڤاڵ بوو، ئەو ئەکتەرە بە رۆڵگێڕان لە فیلمی براوەی ئۆسکار "Slumdog Millionaire" ناوبانگی پەیداکردووە و ئێستا لە پاڵ ئەکتەریی، کاری دەرهێنان دەکات.
 
تۆڕی میدیایی رووداو دوو ساڵە جگە لەوەی رووماڵی فێستیڤاڵەکە دەکات، فیلم و پڕۆژەی لە هەردوو خولەکە هەبووە، ساڵی رابردوو بە بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد لە بەشی پێشبڕکێدا بەشداربوو، ئەمساڵی بە پڕۆژەی بەڵگەفیلمی "فاروق" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا بەشدارە و رووداو هاوبەشێکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی فیلمەکەیە.
 
پڕۆژەی بەڵگەفیلمی "فاروق" توانی لە پێشبڕکێی خەڵاتەکانی بەشی بازاڕی فێستیڤاڵ، خەڵاتی راوێژکاری بەدەستبێنێت.
 
‎"فاروق" چیرۆکی زانایەکی جیۆلۆجی عێراقی دەگێڕێتەوە کە توانی پەرە بە کەرتی نەوتی نەرویج بدات بۆ خزمەتکردنی خەڵکەکەی و ئابووری ئەو وڵاتە پێش بخات، دواتر ئەو هەوڵەی وەک مۆدێلێکی سەرکەوتوو لە جیهاندا پێناسە کراوە و بە "مۆدێلی نەرویج" لەو بوارەدا دەناسرێت. 
 
‎هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکەیە و لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای هەنێ فیلمی نەرویجی و تۆڕی میدیایی رووداوە، وەزارەتی رۆشنبیری نەرویج پاڵپشتی دارایی دەکات. ئەم بەرهەمە لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی بازاڕی قۆناخی پەرەپێدانی چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوورە و لەلایەن فێستیڤاڵەکەوە پاڵپشتی دەکرێت.
 
‎هەڵکەوت مستەفا، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو: چەندین ساڵە بە پەرۆشم، بۆ ئەوەی لە نهێنی سەرکەوتنی نەرویج تێبگەم کە چۆن توانی وزە بۆ دابینکردن و بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بەکاربێنێت، لە کاتێکدا دەیان وڵات لە جیهاندا، نەیانتوانی داهاتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە خزمەتکردن و پێشخستنی کۆمەڵگەکەیان بەکاربێنن، لە کاتێکدا دەیان وڵات لە جیهاندا نەیانتوانیوە سەرچاوەی وزەوە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەکەیان بەکاربێنن.
 
‎دەریای سوور، لە فێستیڤاڵە گرنگەکانی فیلمە لە جیهاندا، پاڵپشتی پڕۆژە سەرکەوتووەکانی فیلم دەکات، بەشێکی تایبەت بە پەرەپێدانی پڕۆژەکان هەیە، پڕۆژەی بەڵگەفیلمی "فاروق" لە نێو ئەو 12 پڕۆژانەدایە کە سعودیە پاڵپشتی دەکات و وەک رووی سینەمای خۆی دەیناسێنێت.
 
‎فاروق قاسم، زانایەکی جیۆلۆجی نەوتە، عێراقی - نەرویجییە، لە 1934 لە بەسرەی عێراق لەدایکبووە، رۆڵی هەبووە لە پەرپێدان و پێشخستنی کەرتی پیشەسازی نەوت لە نەرویج، بەهۆیەوە ناوبانگی پەیداکردووە. لە بواری جیۆلۆجیای نەوتدا لە زانکۆی لەندەن خوێندوویەتی و لە 1957 گەڕاوەتەوە عێراق، ئێستا لە نەرویج دەژی.
 
‎هەڵکەوت مستەفا بە فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" توانی ناوبانگییەکی زۆر لە جیهاندا عەرەبیدا بەدەستبێنێت و فیلمەکەی بوو بە پڕبینەرترین بەڵگەفیلم لە مێژووی بۆکس ئۆفیسی وڵاتانی عەرەبیدا. ئەم بەرهەمە لە 2023 لە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور بەشداربوو و دوو پێشاندانی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی بۆ کرا.
 
‎بەو هەوڵانە؛ رووداو دەیەوێت پێگەیەکی بەهێز لە نێو فێستیڤاڵەکەدا بۆ خۆی دروستبکات و ناوێکی درەوشاوە بێت لە بواری بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمدا، بەتایبەتیش لە دوای ئەو سەرکەوتنەی فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" بەدەستیهێنا.  
 
لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا ئەستێرەی دیاری سینەمای جیهان ئامادەبوون، لەوانەش جۆنی دیپ، ویڵ سمیس، ڤێن دێزڵ، برێندن فریزەر، سپایک لی، ڤیۆلا دێڤیس، سارا جێسیکا پارکەر، ئاندرۆ گارفێڵد، جێرمی رینەر و ئیمێڵی بڵانت لە هۆلیوود، عامر خان، کارینا کاپوور، رانبێر کاپوور، پریانکا چۆپرا، شرادا کاپوور لە بۆلیوود، توبا بیوکستن، نوورگوڵ یەشیلچا و ئەنگین ئاڵتان لە تورکیا، ئەحمەد حیلمی، مونا زەکی، یوسرا، لەیلا علوی، نادیە جوندی، ئیلهام شاهین، لبلبە و ئەمیر کەرارە لە سینەمای میسری و عەرەبی.
 
جۆنی دێپ، بۆ پێشاندانی نوێترین فیلمی بەناوی "Modì, Three Days on the Wing of Madness" لە فێستیڤاڵ ئامادە بوو و کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
 
ساڵی رابردوو جۆنی دێپ بە فیلمی  "Jeanne Du Barry" لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو و سعودیە لە بەرهەمهێنانیدا بەشداربوو. دێپ، لە دوای 25 ساڵ دوورکەوتنەوە لە دەرهێنانی فیلمە درێژەکان کە دوایین فیلمی بەناوی ''The Brave" بوو لە 1997، دەرهێنان بۆ ئەم بەرهەمە کردووە.
 
فیلمەکە لەبارەی ئامەدێیۆ مودێلیانی، هونەرمەندی ئیتاڵییە و تیشک دەخاتە سەر 48 کاژێر لە ژیانیدا کە لەو ماوەیدا تەواوی ژیانی دەگۆڕێت.
 
‎دێپ، لە دوای سەرکەوتنی لە دۆسییەی ناوزڕاندنی لەلایەن ئەمبێر هێرد، هاوژینی پێشووی، دووبارە گەڕاوەتەوە نێو دنیای هونەر و پێشنیاز و دەرفەتی کاری سینەمایی زیاتری بۆ رەخساوە.
 
‎جۆنی دێپ، لە 9 تەمموزی 1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
 
یەکەم دەرکەوتنی دێپ لە رێگەی فیلمی "Elm Street" بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی "21 Jump Street" رۆڵی گێراوە و لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.
 
ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە بە درووشمی "سینەما ماڵی نوێی هەیە"، لە 5 بۆ 14ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە جەدەی سعودییە بەڕێوەچوو، تێیدا 120 فیلم لە 81 وڵاتەوە بەشداربوون، لەوانە 63 فیلمی درێژ و 54 کورتە فیلم، لەو فیلمانە 20یان رێوڕەسمی فەرشی سووریان هەبوو و ستافی فیلمەکان ئامادە بوون. 
 
تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو لە فێستیڤاڵەکە رووماڵی چالاکییەکانی کرد، ساڵی رابردووش رووماڵی ئەو رووداوە سینەماییەی کردبوو.
 
48 فیلم یەکەم پێشاندانی جیهانییان لە فێستیڤاڵەکەدا هەبوو، فیلمە عەرەبییە بەشداربووەکان ژمارەیان 66 فیلم بوو، 34یان فیلمی سعودی و 36 بەرهەمهێنەری فیلم کێبڕکێیان بۆ بردنەوەی خەڵاتەکان دەکرد.
 
خولی رابردووی فێستیڤاڵەکە لە یەکێک لە هوتێلە بەناوبانگ و مۆدێرنەکانی جەدە بوو، رێکخەرانی فێستیڤاڵ ئەمجارە دیوێکی دیکەی شارەکە پێشاندا، ئەویش مێژووی کۆنی شارەکەیە لە دوای نۆژەنکردنەوەی و چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە ناوچەی "بەلەد" لە نێو جەرگەی جەدە بەڕێوەچوو.
 
بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکاری زۆر کرابوون و زۆربەی باڵەخەنە کۆن و دێرینەکانی ناوچەی بەلەد نۆژەنکراونەتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی بیناسازی کۆنی ئەو شارە.
 
رێژەی سەوزایی لەو ناوچەیە زیادکراوە و پۆستەری فێستیڤاڵ لە هەموو شەقامەکانیدا بەرچاو دەکەوتن.
 
لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیلمە درێژەکانی فێستیڤاڵەکەدا  16 فیلم لە کێبڕکێدا بوون و فیلمی سینەمایی "Moon" بەشداربوو کە لە دەرهێنانی کوردوین ئەیوب، دەرهێنەری باشووری کوردستان و دانیشتووی نەمسایە. فیلمەکەی باس لە کچە یاریزانێکی هونەری جەنگی نەمسا دەکات بەناوی سارا، دەچێتە ئوردن بۆ راهێنان کردن بە سێ کچ لە ماڵباتێکی دەوڵەمەند کە ئازادییان نییە و لە کۆشکێکدا دەژین. 
 
سپایک لی، دەرهێنەری ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار، سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەریی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە دەکرد بۆ بەخشینی خەڵاتەکانی "یوسر" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیلمە درێژەکان، ساڵی رابردوو باز لۆرمان، دەرهێنەری ئوسترالی سەرۆکایەتی لیژنەکەی دەکرد و بۆ رووداو قسەی کرد.
 
لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا سپایک لی، بەشداریی لە دانیشتنێکی بڕگەی "In Conversation"ـدا کرد و باسی لە ئەزموونی هونەریی خۆی وەک دەرهێنەر کرد کە کاری دەرهێنانی بۆ چەندین شاکاری هونەری کردووە، لەوانەش فیلمی "BlacKkKlansman".
 
لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵدا، خەڵاتی یوسری زێڕین بەخشرایە فیلمی "In Flames" لە دەرهێنانی زارار خان، دەرهێنەری کەنەدی – پاکستانی.
 
فێستیڤاڵەکە دەیەوێت وەک زۆربەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان پێگەی بەرزی ژن لە سینەمادا بخاتەڕوو و رێزی لە ژمارەیەک ناوی دیاری سینەما گرت، لەوانەش ڤیۆلا دێڤیس، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکی، ئێمێڵی بڵندت، ئەکتەری هۆلیوودی، پریانکا چۆپرا، ئەکتەری سینەمای بۆلیوود و هۆلیوود و مونا زەکی، ئەکتەری میسری. جگە لە رێزلێنانەکە، دانیشتنێکی کراوەیان لە شێوەی ماستەر کڵاس بۆ سازکرا و باسیان لە ئەزموونی هونەرییان کرد.
 
فێستیڤاڵەکە لەلایەن دامەزراوەی سینەمایی دەریای سوور سازکرا، لە رێگەی سندوقی دەریای سوور، کارگەکانی دەریای سوور، بازاڕی دەریای سوور و فێستیڤاڵی دەریای سوور، هەوڵی ناساندنی سعودییە دەدرێت بۆ گرنگیدانی بە سینەما. جومانا راشد، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی دامەزراوەکەیە، محەممەد عەسیری، سەرۆکی جێبەجێکاری راسپێردراو و شیڤانی باندیا مالهوترا، بەڕێوەبەری گشتییە.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە 2019 دەستیپێکرد و توانیویەتی پێگەیەکی بەهێز بۆ خۆی لە ناوچەکەدا دروستبکات. 
 
بازاڕی دەریای سوور، بازاڕێکی تایبەت بە فیلمە نێودەوڵەتییەکانە، چالاکی و بەرنامەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، ئامانجی خستنەڕووی پڕۆژە سینەماییەکانە و دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان فیلمسازان و بەرهەمهێنەران. 
 
سندوقی دەریای سوور، بەرنامەیەکی دابینکردنی بودجەیە بۆ پڕۆژە سینەماییەکان لەلایەن دامەزراوەی دەریای سوور بۆ فیلمسازانی ناوخۆیی، عەرەبی و ئەفریقی. تاوەکو ئێستا پاڵپشتی 100 دەرهێنەر و 250 فیلمی کردووە. 
 
فیلمەکان لە چەند بەشێکدا پێشاندران، گرنگترینیان بەشی پێشبڕکێی دەریای سوورە کە 16 فیلم لە کێبڕکێدا بوون، بەشی هەڵبژێردراوە جیهانییەکان کە 17 فیلمی جیهانی لەخۆگرتبوو، لە بەشی شاکارە عەرەبییەکاندا حەوت فیلم بەشداربوون.
 
لە پێشبڕکێی دەریای سووردا بۆ کورتە فیلم؛ 27 فیلم کێبڕکێیان دەکرد، لە بەشی سینەمای نوێی سعودی 22 کورتە فیلم و چوار فیلمی درێژ کێبڕکێیان دەکرد. لە بەشی گەنجینەکانی دەریای سوور چوار فیلمی کلاسیکی عەرەبی و جیهانی پێشاندران.
 
لە بەشی شاکارە جیهانییەکان 14 فیلم بەشداربوون، دیارترینیان فیلمی "Maria"یە کە ئەنجلینا جۆلی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، ئەویش رۆڵی ماریا کاڵاس، ئۆپێرابێژی جیهانییە و لە دەرهێنانی پابلۆ لاراینە، پێشتر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس و فێستیڤاڵی فیلمی لەندەن بەشداربووە.
 
هەر لەو بەشەدا فیلمی "Monsieur Aznavour" بەشداربوو کە لەبارەی ئایکۆنێکی دیکەی میوزیکە لە جیهاندا، ئەویش شارل ئەزنەڤور، گۆرانیبێژی فەرەنسی بە رەچەلەک ئەرمەنیییە. ‎ئەو بەرهەمە باس لە ژیان و دەرکەوتنی ئەو هونەرمەندە لە جیهانی هونەر دەکات، وەک گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی و ئەکتەر.
 
‎شارل ئەزنەڤور لە 22 ئایاری 1924 لە فەرەنسا لەدایکبووە، لە 1 تشرینی یەکەمی 2018 لە تەمەنی 94 ساڵیدا کۆچی دواییکرد و تا دوا ساتەکانی ژیانیشی لە هونەر بەردەوام بوو، هەموو ئومێدی ئەوە بوو لەسەر شانۆ و لە کاتی گۆرانیگوتن بمرێت.
 
‎ئەو هونەرمەندە لە ماوەی 70 ساڵدا زیاتر لە هەزار و 200 گۆرانی تۆمارکردووە، تێکستی زیاتر لە هەزار گۆرانی نووسیوە و بە یەکێک لە دیارترین تێکستنووسانی گۆرانی لە جیهاندا لە سەدەی بیستەم دەناسرێت.
 
ئاندرۆ گارفیڵد، ئەکتەری بەریتانی - ئەمریکی کە پێشتر رۆڵی کارەکتەری سپایدەرمانی گێڕاوە، بۆ پێشاندانی نویترین فیلمی لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو.
 
فیلمەکە بەناوی "We Live in Time"یە و لە دەرهێنانی جۆن کرۆولییە و لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و رۆمانسییەکانە. چیرۆکەکەی لەبارەی خێزان، خۆشەویستی، ژیانی هاوژینی و دڵەڕاوکێیە. گارفێڵد رۆڵی کارەکتەری پیاوێک دەگێڕێت کە لە هاوژینەکەی جایبووەتەوە و کچە شێفێک دەناسێت و  دەکەونە داوی خۆشەویستی یەکدی. دوای ئەوەی ژنە شێفەکە بڕیاردەدات بچێتە پێشبڕکێیەکی شێفەوە، ئاڵۆزی لە نێوانیاندا دروست دەبێت.
 
لە یەکەم پێشاندانی فیلمەکە، ئادەم ئاکلاند، پرۆدیوسەری فیلمەکە لەگەڵ ئاندرۆ گارفیلد لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ ئامادەبوون.
 
ئاندرۆ گارفیلد، لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ قسەی بۆ پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو کرد و گوتی، بە بڕوای ئەو دەکرێت خێزان چەندین شێوەی هەبێت، لە خوێن یا مرۆڤ خۆی هەڵیدەبژێرێت و هەستی بۆی هەیە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "مەرج نییە خێزان لەسەرت بسەپێندرێت، پێویستە ئەو خێزانەت هەبێت کە دڵت پێی خۆشە."
 
بە گوتەی ئاندرۆ بەردەوام پشتگیری لەو جۆرە خێزانە دەکات کە هەڵبژاردەی مرۆڤ خۆیەتی، لە هەمانکاتتدا پشتگیری لەو جۆرە فیلمانەش دەکات کە لەم ژانرەن.
 
فیلمەکە لە تشرینی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندراوە، هەروەها لە ژمارەیەک فێستیڤاڵی فیلمدا بەشداربووە، لەوانە، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تورەنتۆ، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سان سێبەستیەن و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لەندەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە