رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ لە چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە جەدەی سعودیە، فیلم لە ژانری جیا جیا بەشدارن، لەوانەش فیلمە بایۆگرافییەکانە، لەوانەش چیرۆکی دوو هونەرمەندی دیاری جیهانیی میوزیک، ئەویش شارل ئەزنەڤور، و ماریا کاڵاسە.
لە بەشی شاکارە جیهانییەکانی فێستیڤاڵ 14 فیلم بەشدارن، دیارترینیان فیلمی "Maria"یە کە ئەنجلینا جۆلی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، ئەویش رۆڵی ماریا کاڵاس، ئۆپێرابێژی ئەمریکی بە رەچەلەک یۆنانییە.
فیلمەکە لە دەرهێنانی پابلۆ لاراین، دەرهێنەری چیلییە، لە جۆری دراما مێژووییەکان و بایۆگرافییەکانە، ماوەکەی دوو کاژێر و چوار خولەکە.
ئەنجلینا جۆلی، بۆ رۆڵگێڕانی کارەکتەری ماریا کاڵاس، راهێنانی زۆری لەسەر گۆرانیگوتن کردووە و پێشتر رایگەیاندبوو، دوای تەواوبوونی فیلمەکە، ئێستاش گۆرانی بۆ خۆی دەڵێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو لەو بڕوایەدا نەبوو بتوانێت گۆرانی بڵێت، رۆڵگێڕان لە فیلمەکەدا وەک چارەسەرییەک بووە بۆ دەنگی، چونکە بۆ ماوەیەک بوو بە دەنگێکی بەرز گوزارشتی لە شتەکان نەکردبوو.
پابلۆ لاراین، لەبارەی بەشداری جۆلی لە فیلمەکەدا پێشتر رایگەیاندبوو، بەر لە نووسینی سیناریۆی فیلمەکە لەو ئەکتەرە نزیکبووەتەوە.
ئەم بەرهەمە پێشتر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس و فێستیڤاڵی فیلمی لەندەن بەشداربووە.
جۆلی دەیەوێت وەک ژنە ئەکتەرێکی لێهاتوو، بە نواندنی چیرۆکی یەکێک لە کاریگەرترین ئایکۆنەکانی هونەری ئۆپێرا بخاتەڕوو.
فیلمەکە دوو پێشاندانی لە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور بۆ رێکخرابوو کە لە 8 و 9-ی ئەم مانگە بوو.
ماریا کاڵاس ئۆپێرابێژیکی ئەمریکی - یۆنانییە، لە 2ـی کانوونی یەکەمی 1923 لە نیویۆرکی ئەمریکا لەدایکبووە، لە 19ـی ئەیلوولی 1977 کۆچی دواییکردووە، بە یەکێک لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین ئۆپێرابێژەکانی سەدەی بیستەم دەناسرێت. یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە بەرهەمەکانی پڕفرۆشترینن.
بەهۆی دابەزاندنی کێشی لە نێوەڕاستی ژیانی هونەرییدا، کاریگەری لەسەر دەنگی دروستبوو و سەرەتایەک بوو بۆ کزبوونی ناوبانگییەکەی.
هەر لەو بەشەدا فیلمی "Monsieur Aznavour" پێشاندەدرێت و لەبارەی ئایکۆنێکی دیکەی میوزیکە لە جیهاندا، ئەویش شارل ئەزنەڤور، گۆرانیبێژی فەرەنسی بە رەچەلەک ئەرمەنیییە.
ئەم بەرهەمە باس لە ژیان و دەرکەوتنی ئەو هونەرمەندە لە جیهانی هونەر دەکات، وەک گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی و ئەکتەر.
شارل ئەزنەڤور لە 22 ئایاری 1924 لە فەرەنسا لەدایکبووە، لە 1 تشرینی یەکەمی 2018 لە تەمەنی 94 ساڵیدا کۆچی دواییکرد و تا دوا ساتەکانی ژیانیشی لە هونەر بەردەوام بوو، هەموو ئومێدی ئەوە بوو لەسەر شانۆ و لە کاتی گۆرانیگوتن بمرێت.
ئەو هونەرمەندە لە ماوەی 70 ساڵدا زیاتر لە هەزار و 200 گۆرانی تۆمارکردووە، تێکستی زیاتر لە هەزار گۆرانی نووسیوە و بە یەکێک لە دیارترین تێکستنووسانی گۆرانی لە جیهاندا لە سەدەی بیستەم دەناسرێت.
فیلمەکە دوو پێشاندانی لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا لە سینەما بۆ کرا و لە 10 و 11 ئەم مانگە بوو.
فێستیڤاڵەکە بە درووشمی "سینەما ماڵی نوێی هەیە"، لە 5 بۆ 14ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە جەدەی سعودییە بەڕێوەدەچێت، تێیدا 120 فیلم لە 81 وڵاتەوە بەشدارن، لەوانە 63 فیلمی درێژ و 54 کورتە فیلم، لەو فیلمانە 20یان رێوڕەسمی فەرشی سووریان دەبێت و ستافی فیلمەکان ئامادە دەبن.
تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو لە فێستیڤاڵەکەیە و رووماڵی چالاکییەکانی دەکات، ساڵی رابردووش رووماڵی ئەو رووداوە سینەماییەی کرد و فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن " کە رووداو هاوبەشی بەرهەمەهێنایەتی، بەشداربوو و دوو پێشاندانی بۆ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ