رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕێدەکرێت بەر لە جەژنی نەورۆز، بەغدا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، رووداو ئەمەی لە بەغداوە زانیوە.
ئێستا مەلەفی مووچە لەبەردەستی سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە و، لەسەر ئاستێکی بەرز لە هەولێرەوە لەسەر خەتن تاوەکو چی زووترە گرفتی مووچە چارەسەر بکرێت و ئەوەی ماوە، بگات و بەم نزیکانە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات بکرێت.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پارەی زیاتر بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، تاوەکو لیستی بە ناوی چواری هەموو مووچەخۆرێک بۆ نەچێت، جەمال کۆچەر، پەرلەمانتار ئەمەی بە رووداو گوت و، دەڵێ ''وەزیری دارایی عێراق بە ئێمەی گوت دەبێت هەولێر خۆی کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە."
سەبارەت بە مووچەی هێزی ئەمنیش تەیف سامی دەڵێ، مووچەی پێشمەرگە و هێزی ئەمنیی نەناردووە، چونکە تەنها کۆدی مووچەیان بۆ ناردووە نەوەک ناوی چواری و پلەیان.
بەشداربوویەکی دیکەی کۆبوونەوەکەی 13ـی ئەم مانگە بە رووداوی گوت، وەزیری دارایی عێراق هاتبووە لیژنەی دارایی پەرلەمان تاوەکو لەسەر داهاتی دەروازە سنوورییەکان قسەبکات و، پرسیاری مووچەی کوردستانیشی لێکرا، کە گوتی 'لیست و ناو نەبێت، مووچەی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ نانێرم.' وەک پەرچەکردار وایگوت، ئەگەرنا وەک بڕیاری وەزارەتی دارایی وای نەگوت و، تاوەکو نەورۆز ئەو پارەیەی ماوە، دەنێردرێت.
دواجار دووی مانگی رابردوو دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا، لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ 43 رۆژ تێپەڕیوە و خەڵک هەر چاوەڕێی مووچەن، بەغدا نایدا، ئەوەشی نێردراوە، هێندە کەموکوڕیی زۆرە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ ئەگەر بەمشێوەیە دابەشی بکات، زۆر کەس لێی بێبەش دەبن، ناکرێت نیوە وەریگرێت و نیوەش سەیرکات.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت "حکومەتی عێراق پارەی بۆ مووچە خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان و، هیچی دیکە نانێرێت تاوەکو لیستی بۆ نەنێردرێت؛ دەبێت هەولێر لە داهاتی نێوخۆ کورتهێنانەکە پڕبکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ