دەرهێنانی زێڕ لە پاراگوای زیانی بە بەرهەمێکی کشتوکاڵی نەریتی گەیاندووە

02-04-2025
 خواردنەوەکە لە ئەمریکای باشوور نێوبانگێکی زۆری هەیە.
خواردنەوەکە لە ئەمریکای باشوور نێوبانگێکی زۆری هەیە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شارۆچکەی (پاسۆ یۆبای) لە باشووری پاراگوای، ناوەندی رووەکی (یەربا)ـیە کە لە ئەمریکای لاتین خواردنەوەیەکی نەریتی لێ دروستدەکەن. خواردنەوەکە وەک چای ئامادە دەکرێت و لە پارگوای و وڵاتانی دیکەی ئەمریکای باشوور نێوبانگێکی زۆری هەیە. 
 
لە چەند ساڵی رابردوودا، بەهۆی دۆزینەوەی زێڕ لە شاری (پاسۆ یۆبای)، مەترسی لەسەر بەرهەمهێنانی رووەکەکە دروستبووە.
 
ئیساک بایز، بەڕێوەبەری رێکخراوی بەرهەمهێنەرانی رووەکی (یەربا) لەبارەی زیانگەیشتن بە رووەکەکەوە دەڵێت، "زۆر ئەستەمە رووەکی (یەربا) و زێڕت لە یەک شوێندا هەبێت، لەبەرئەوەی لە کاتی دەرهێنانی زێڕ، هەندێ مادەی کیمیایی وەک (سایاناید) بەکاردێت کە زیان بە رووەکی (یەربا) دەگەیەنێت."
 
لە ساڵی 2012ـەوە، کۆمپانیایێکی کەنەدی (لامپا ئێس ئەی)، تایبەت بە هەڵکۆڵینی زێڕ مۆڵەتی بەرهەمهێنانی لە حکومەتی پاراگوای وەرگرتووە؛ بەرهەمهێنەرانی رووەکی یەربا بەردەوام کێشەیان لەگەڵ خاوەن کانەکانی زێڕ هەیە.
 
ڤیداڵ بریتێز، سەرۆکی رێکخراوی بەرهەمهێنەرانی کشتوکاڵی (پاسۆ یۆبای) لەبارەی هەڵکەندنی زێڕەوە باس لەوە دەکات، "لە 20 ساڵی رابردووەوە، هەڵکۆڵین بۆ زێڕ بە دەست و بە ئامێری سەرەتایی هەبووە، بەڵام ئێستا بە ئامێری پێشکەوتوو و بە تەکنۆلۆجیای نوێ هەڵکۆڵین دەکرێت و ئەوەش دروستکردنی حەوزی گەورەی لێکەوتووەتەوە."
 
بەپێی بەرپرسانی پاراگوای، لە 2024 دا، 600 کیلۆگرام زێڕ هەناردەکراوە و لەو رێگەیەوە داهاتی 260 هەزار دۆلاری بۆ حکومەت هەبووە کە وەک موڵکانە و باج لە بەرهەمهێنەرانی زێڕ وەرگیراوە.
 
رۆبێن ویلابا، سەرۆکی رێکخراوی کانزاکانی (پاسۆ یۆبای) دەڵێت، "رێکخراوەکەی ئێمە پێداگرە لە تووندکردنی رێنوێنییەکان، بەچەشنێک بنەما ژینگەییەکان پارێزراو بن. هەر حەوزێک یان پرۆژەیەک کە رەچاوی رێنوێنییە ژینگەییەکان نەکات دادەخرێن و رێگەیان پێنادرێت بەرهەمبهێنن."
 
لە (پاسۆ یۆبای) نزیکەی 300 شوێنی هەڵکۆڵینی زێڕ هەیە و زۆربەیان نایاسایین. هەر کام لەو شوێنانە لە ماوەی دوو مانگدا نزیکەی یەک کیلۆگرام زێڕ بەرهەمدەهێنن. جووتیاران و ژینگەپارێزان خوازیارن لە جیاتی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکانی وەک (سایاناید) و (جیوە)، ماددەی دیکە بەکاربهێنن کە زیانی کەمتری بۆ ژینگە هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای چین و ئەمریکا، وێنە: AFP

باڵیۆزخانەى چین لە عێراق: لە جەنگى بازرگانی و گومرگیدا هیچ براوەیێک نییە

باڵیۆزخانەى چین لە عێراق راگەیاند دانانى 104% پێناسى گومرگى لەسەر وڵاتان لەلایەن ئەمریکاوە ماف و بەرژەوەندیى وڵاتان پێشێل دەکات و لە دژى بنەماکانى رێکخراوى بازرگانیى جیهانییە و جەنگى بازرگانی و گومرگى براوەى تێدا نییە. "چین ئاژاوە لەگەڵ هیچ لایەک نانێتەوە و لەگەڵ ئەوەش دا؛ لێى ناترسێت."