باجەکانی ترەمپ زۆرترین کاریگەرییان لەسەر کام براندی ئۆتۆمبێل دەبێت؟

02-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ 02-04-2025 ئیدارەی ترەمپ پێناسی گومرگی 25% بخاتە سەر ئەو ئۆتۆمبێل و پارچە یەدەگانەی هەناردەی ئەمریکا دەکرێن. شرۆڤەکاران دەڵێن، نرخی ئۆتۆمبێل لەلایەن کڕیارە ئەمریکییەکانەوە گران دەبێت، تەنانەت ئەوانەشی ئۆتۆمبێل لە ناوخۆی وڵات دەکڕن.
 
تەنیا ژمارەیەکی کەمی کۆمپانیاکانی بواری ئۆتۆمبێل بەهۆی ئەو باجە نوێیانەوە دەربازیان دەبێت. ئامانج لەو پێناسە گومرگییە، زیندووکردنەوەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە لە ناوخۆی وڵات. شرۆڤەکارانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل دەڵێن، ئەو پێناسە گومرگییە بە دڵنیاییەوە نرخی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا بەرز دەکاتەوە و هەندێک لە کڕیارانی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکە دەکاتە دەرەوە.
 
لێکۆڵەران دەڵێن، لە کاتێکدا هەموو کۆمپانیا و براندەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل کاریگەرییان لەسەر دەبێت، بەڵام هەندێکیان زیاتر زیانیان بەر دەکەوێت.
 
تێسلا
 
ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی کۆمپانیای تێسلا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، پێناسە گومرگییەکان کاریگەرییان لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی تێسلای دروستکراوی ئەمریکا دەبێت.
 
مەسک جەختی لەوە کردەوە کە تێسلا لە زیانەکان بەدەر نابێت، چونکە باجەکان تێچووی ئەو پارچانە زیاد دەکەن کە لە وڵاتانی دیکەوە دەکڕدرێن.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، پێشبینی دەکرێت تێسلا یەکێک بێت لەو کۆمپانیایانەی کە کەمترین کاریگەرییان لەسەر بێت، چونکە زۆربەی ئۆتۆمبێل و پارچەکانی لە ئەمریکا دروست دەکرێن. سەرەڕای ئەوەش، بەپێی قسەی ئارت ویتن، شارەزای بواری ئۆتۆمبێل، پێناسی گومرگیی سەر پاترییە چینییەکان کاریگەرییان دەبێت.
 
ریڤیان، کۆمپانیایەکی دیکەی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەباییە، لەوانەیە بە هەمان هۆکارەکەی تێسلا خۆی لە کێشە گەورەکان بەدوور بگرێت.
 
شیکەرەوەکانی یو بی ئێس ئاماژەیان بەوەدا کە تێسلا و ریڤیان دەتوانن باشتر پێناسە گومرگییەکان کۆنتڕۆڵ بکەن، چونکە هەموو بەرهەمەکانیان، جگە لە چەند پارچەیەک نەبێت، لە ئەمریکاوە دروستدەکرێن.
 
جەنەراڵ مۆتۆرز (GM)
 
پێشبینی دەکرێت جەنەڕاڵ مۆتۆرز (GM)، کە لە پاڵ ستێلانتیس و فۆرد یەکێکە لە سێ گەورە کۆمپانیای ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا، زیانی زۆری بەربکەوێت.
 
جەنەراڵ مۆتۆرز کە بنکەی سەرەکیی لە دیترۆیتە لە ویلایەتی میشیگن، تەنیا 45%ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە ئەمریکا دەیانفرۆشێت، لە ناوخۆدا بەرهەمیان دەهێنێت، ئەمەش بەو مانایەی %55یان رووبەڕووی پێناسی گومرگی دەبنەوە.
 
بە گوتەی ئارت ویتن، جەنەراڵ مۆتۆرز کە خاوەنی شێڤرۆلێت، بیوک، GMC و کادیلاکە، پشتێکی زۆر بە کارگەکانی لە مەکسیک و کەنەدا دەبەستێت.
 
فۆرد
فۆرد لە دۆخێکی باشتر دایە، 80٪ـی ئۆتۆمبێلەکانی لە ئەمریکا دروستدەکرێن و خاڵێکی دیکەی گرنگ، پێناسە گومرگییەکان ئۆتۆمبێلە بچووکەکانی فۆرد ناگرێتەوە، تەنیا بارهەڵگرەکان نەبێت، ئەوانیش 20٪.
 
پیکەپی جۆری F-150 لە ئەمریکا دروستدەکرێت، بەڵام جۆری ماڤەریک و برۆنکۆ سپۆرت لە مەکسیک دروستدەکرێن، بۆیە دووچاری 25٪ پێناسی گومرگی دەبنەوە.
 
ستێلانتیس
 
کۆمپانیاکە خاوەنی هەریەک لە براندەکانی جیپ، کرایسلەر، دۆج و رامە؛ لە زیانەکانی ئەو پێناسە گومرگییە پشکی بەردەکەوێت.
 
ستێلانتیس 75٪ـی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئەمریکا دەیانفرۆشیت لە ئەمریکا دروستیان دەکات، واتا 25٪ـی ئۆتۆمبێلەکانی رووبەڕووی پێناسی گومرگی دەبنەوە.
 
بۆ نموونە پیکئەپێکی جۆری رام RAM کە نرخەکەی 80 هەزار دۆلار بێت [8 دەفتەر] نرخەکەی بۆ 100 هەزار دۆلار [10 دەفتەر] بەرز دەبێتەوە.
 
تۆیۆتا و هۆندا
 
هەردوو کۆمپانیای تۆیۆتا و هۆندا چەندین ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگ لە ژاپۆنەوە هەناردەی ئەمریکا دەکەن، ئەمەش وا دەکات زیانی گەورەتریان پێبکەوێت. هەردوو کۆمپانیاکە کارگەیان لە کەنەداش هەیە، کە زیانەکان زیاتر دەکەن.
 
هەردوو کۆمپانیای هیۆندای و کیای کۆریای باشوور، دووچاری هەمان مەترسی دەبنەوە.
 
فۆڵکسڤاگن و بی ئێم دەبڵیو
 
کۆمپانیا ئەڵمانییەکان، لەوانەش فۆڵکسڤاگن، کە بەرهەمهێنەری ئاودیشە لەگەڵ BMW کارگەی گەورەیان لە مەکسیک هەیە.
 
بەگوتەی ویتن، پێدەچێت زیانی گەورەی ئابووری بەر بزوێنەر و سیستمی گێڕی ئەو دوو کۆمپانیایە بکەوێت.
 
کۆمپانیای بی ئێم بزوێنەرێکی زۆر لە ئەڵمانیا دروستدەکات و هەناردەی ئەمریکای دەکات.
 
مێرسەیدیز بێنز بە نزیکەیی هەمان کار دەکات، لە ئەڵمانیاوە بزوێنەر و گێڕ هەناردەی کارگەکەی خۆی لە ئەلەبامای ئەمریکا دەکات.
 
ئابی ستامپ، شڕۆڤەکار لە کۆمپانیای Oxford Economics گوتی، هەندێک لە کۆمپانیاکان دەتوانن بەشێک لە بەرهەمەکانیان بگوازنەوە بۆ ئەمریکا، بەڵام "ئەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رکابەری، بەرزبوونەوەی نرخ و کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە بەرهەمهێنان لەلایەن ئەو وڵاتانەی هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکان لە بازرگانیدا."
 
زنجیرەی دابینکردنی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا زۆر ئاڵۆزە و بە ئابووریی مەکسیک و کەنەداوە گرێ دراوە، کە براندە ئەمریکییەکان ئۆتۆمبێلی تەواو و پارچەکانی ئۆتۆمبێلی لێوە هاوردە دەکەن. بەپێی فەرمانێکی جێبەجێکاری، باجەکەی ترەمپ بۆ سەر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سووک کە هاوردەی ئەمریکا دەکرێن، لە 3ی نیسانەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، هەروەها پێناسی گومرگی 25% بۆ سەر پارچەکانی ئۆتۆمبێل کە لە وڵاتانی بیانییەوە دەنێردرێن هەر لەو رۆژە دەستپێدەکات.
 
بەپێی خەمڵاندنێکی 31ی ئادار کە لەلایەن دان ئایڤز، شیکەرەوەی کۆمپانیای ویدبوش سکیوریتیز، تایبەت بە خزمەتگوزاریی دارایی بڵاویکردووەتەوە، نرخی ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی دەتوانێت بەهۆی باجە نوێیەکانەوە لەنێوان 5 هەزار دۆلار بۆ 10 هەزار دۆلار بەرز بێتەوە.
 
لە هەمان کاتدا، ئەگەری هەیە کرێی بیمەی ئۆتۆمبێل بەرزبێتەوە، چونکە پێناسە گومرگییەکان چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل گرانتر دەکەن، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کڕینی پارچەی نوێی ئۆتۆمبێل. 
 
بەپێی پێشبینییەکی نوێی کۆمپانیای ئینسیوریفای، تێکڕای کرێی بیمەکان دەکرێت بۆ دوو هەزار و 759 دۆلار بەرز ببێتەوە. ئەو بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە تێچووی بیمەی ئۆتۆمبێل لە مانگی شوباتدا بەڕێژەی 11٪ بەراورد بە ساڵێک پێشتر بەرز بووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە