کۆمپانیای تێسلا: فرۆشی ئۆتۆمبێلمان 13٪ دابەزیوە

02-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای تێسلای ئەمریکی دەڵێت، لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانی 13٪ دابەزیوە. بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، زیاتر لە 50 هەزار ئۆتۆمبێلیان کەمتر فرۆشتووە.
 
رۆژی چوارشەمە 02-04-2025 کۆمپانیای تێسلا بڵاویکردەوە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2025 واتە لە سێ مانگی یەکەمدا 336 هەزار و 681 ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە، ئەوە لە کاتێکدایە لە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوودا 386 هەزار و 810 ئۆتۆمبێلی فرۆشتبوو.
 
ئەم دابەزینە بەهۆی زیادبوونی رکابەری لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، خواستی کەم بۆ مۆدێلە کۆنەکانی تێسلا و رەخنەگرتن لە بیروبۆچوونە سیاسییەکانی ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە.
 
دابەزینی فرۆشی تێسلا لە کاتێکدایە، براندەکە ساڵانێکە نوێکاری لە ئۆتۆمبێلەکانی نەکردووە؛ لەلایەکی دیکەوە مەسک سەرنجی خستووەتە سەر سیاسەتی راستڕۆی تووندڕۆ، بۆیە تووشی کێشە بووە.
 
ئەم ساڵ کۆمپانیای BYDـی چینی خەریکە وەک گەورەترین فرۆشیاری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهان دەردەکەوێت. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی کۆمپانیای (کاونتەرپۆینت ریسێرچ)، بی وای دی 15.7٪ پشکی بازاڕیی هەیە و پشکی تێسلا 15.3٪ـە.
 
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو دروستکردنی تێسلا دابەزی، مەسک بەڵێنی گەڕانەوەی گەشەی کۆمپانیاکەی دا، بەڵام بەشداریکردنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەتایبەتی لە دەرکردنی کارمەندانی فیدراڵی و بڕینی هاوکارییەکان، هەندێک لە کڕیارانی تووڕە کردووە.
 
دوای ئەو هەنگاوانەی مەسک، ناڕەزایەتییەکان لە فرۆشگەکانی تێسلا لە ئەمریکا و ئەورووپا زیادیانکرد. چەند ئۆتۆمبێلێکی ئەو براندە سووتێندران و هەندێکیان تێکدران؛ لەلایەکی دیکە بەشێکی زۆری ئەوانەی ئۆتۆمبێلی تێسلایان لێدەخوڕی، ئۆتۆمبێلەکانیان گۆڕی.
 
رکابەرییەکی تووند لەنێوان تێسلا و براندە چینییەکانی وەک BYD و کۆمپانیا ئەورووپییەکانی وەکو ڤۆڵکسوەیگن و BMW هەیە، وەبەرهێنەران چاوەڕێن بزانن ئایا مۆدێلە نوێکراوەکانی تێسلا، وەکو مۆدێلی Y تاوەکو چەند دەتوانێت لەو رکابەرییە بمێنێتەوە.
 
لە ئاداردا فرۆشی تێسلا لە بازاڕە سەرەکییەکانی ئەورووپا لەوانەش فەرەنسا و سوێد، بەردەوام لە دابەزیندا بوو، سێ مانگی لەسەر یەکە تێسلا بەرزبوونەوەی بەخۆی نەبینیوە.
 
خراپترین تۆماری فرۆشی تێسلا لە هۆڵەندا، سوێد و دانیمارک بوو.
 
تێسلا مۆدێلی نوێکراوەی Y بە شێوازێکی نوێ لە کۆتایی مانگی شوبات لە چین و مانگی ئاداریش لە ئەمریکا و ئەورووپا خستە بازاڕەوە.
 
داتای گرووپە پیشەسازییەکانی ئۆتۆمبێل و شرۆڤەکاران نیشانی دەدەن کە دابەزینێکی بەرچاو لە فرۆشی تێسلا لە ئەمریکا و ئەورووپا و چین لە دوو مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا روویداوە.
 
بەرزترین فرۆشی تێسلا لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2024 بوو، کاتێک نزیکەی 500 هەزار ئۆتۆمبێلی فرۆشت. نزمترین فرۆشیشی لە چارەکی دووەمی 2022ـدا بوو، کاتێک نزیکەی 250 هەزار ئۆتۆمبێلی لە سەرانسەری جیهاندا فرۆشت.
 
تێسلا پلانی هەیە ئەم ساڵ مۆدێلێکی هەرزانتر بخاتەڕوو کە دیزاینی ناوەوەی جیاوازترە، بەڵام هێشتا وردەکارییەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
 
ئۆتۆمبێلی سایبەرترەک (Cyber truck) لە کۆتایی ساڵی 2023 لەلایەن تێسلا خرایەڕوو. سایبەرترەک دیزاینێکی جیاواز و مشتومڕهێنەری هەبوو، ئەمە جگە لە نیگەرانییە زۆرەکان لەبارەی کواڵیتییەکەی، بووە هۆی ئەوەی خواستێکی کەمی لەسەر بێت. 
 
بەم دواییانە بەهۆی کێشەیەکی پانێلی دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە، تێسلا هەموو جۆرەکانی سایبەر ترەکی لە بازاڕدا کشاندەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە