ژووری بازرگانیی بەغدا: گەیاندنی کاڵاکان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق لە 72 کاژێردا درێژنەکراوەتەوە

02-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک باس لە درێژکردنەوەی جووڵەی بازرگانی و پرسی QR کۆد لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ 15 رۆژ دەکات. سەرۆکی راوێژکارانی ژووری بازرگانیی بەغداش دەڵێت، تەنیا پڕۆسەی لێدانی مۆر لە بارەکان درێژکراوەتەوە، بڕیاری گەیاندنی بارەکان لە 72 کاژێردا لە دوێنێوە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و درێژناکرێتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی نیسان؛ شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ پەیوەندیم پێوە کرا کە ماوەی جووڵەی بازرگانی و پرسی QR کۆد لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ 15 رۆژی دیکە درێژکراوەتەوە."
 
شوکری جەمیل گوتیشی، "بەو هیوایەین لەم ماوەیەدا شاندەکەمان لەگەڵ حکومەتی عێراق رێکبکەون و کۆتایی بەم بابەتە بهێندرێت."
 
وەکو سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک ئاماژەی بۆ کرد، "ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، کاریگەریی زۆری لەسەر جووڵەی بازرگانی دەبێت و لاوازی دەکات."
 
بە گوتەی شوکری جەمیل، "ژمارەیەک کۆمپانیا و بازرگان لە ئێستاوە هەرێمی کوردستان و دهۆکیان جێهێشتووە، دەڕۆن لە بەسرەوە بارەکانیان هاوردە دەکەن و لە شارەکانی خوارووی عێراق کۆگایان دەکەن."
 
هەر ئەمڕۆ گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە رووداوى گوت، "لە دوێنێوە لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، رێگرى لە دەربازبوونى کاڵاى هاوردەکراو بەبێ مۆر بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشوور دەکرێت."
 
هاوکات مەیسەم بۆڵانی، سەرۆکی راوێژکارانی ژووری بازرگانیی بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیار دراوە تەنیا وادەی پڕۆسەی لێدانی مۆری سێل لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان تاوەکو 15ی ئەم مانگە درێژ بکرێتەوە."
 
بۆڵانی گوتیشی، "پڕۆسەی لێدانی QR کۆد لە مەنەفێستەکان لە دوێنێوە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و ئەو وادەیە درێژ ناکرێتەوە کە پێویستە لە ماوەی 72 کاژێر دوای هێنانی نێو سنووری عێراقەوە، بارەکان لە بازگەکانی هەرێمی کوردستان تێپەڕبن و بگەنە پارێزگاکانی دیکە."
 
سێل، مۆرێکە کە لەو بارانە دەدرێت لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ تورکیا و کۆمارى ئیسلامیی ئێران هاوردەدەکرێن و نابێت بکرێنەوە تاوەکو دەگەنە ئەودیو بازگەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى.
 
بە گوتەی سەرۆکی راوێژکارانی ژووری بازرگانی بەغدا، "لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانوستاندنیان بەردەوامە کە رەنگە لە ئەنجامدا هەندێک لە رێکارەکانمان کەم بکەینەوە، بەڵام پرسی 72 کاژێرەکە سازانی لەسەر ناکرێت."
 
وەک مەیسەم بۆڵانی دەڵێت، حکومەتی عێراق دانوستاندنی لەگەڵ حکومەتی تورکیاش لەسەر ئەو پرسە دەستپێکردووە.
 
لەبارەی ئەنجامی ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق، سەرۆکی ژووری بازرگانی دهۆک دەڵێت، "زیان بە جووڵەی بازرگانی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان" دەگەیێنێت. سەرۆکی راوێژکارانی ژووری بازرگانیی بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئامانجی ئێمە لەو بڕیارە شەفافیەت و چاودێری جووڵەی بازرگانی و کاڵا هاوردەکراوەکانە و هەرگیز نیازی زیانگەیاندنمان بە هەرێمی کوردستان نییە."
 
لە 11ـی ئادارى 2025ـەوە بانکى ناوەندى بە نووسراوى فەرمى پشتبەستن بە کۆدى (QR)ـى لە دەروازە سنوورییەکان بە هەرێمى کوردستانیشەوە راگەیاندووە. ئەو کۆدە مەرجە بۆ تێپەڕبوونى کاڵا لە بازگەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و نابێت 72 کاژێر بەسەر هاتنەژوورەوەی تێپەڕبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە