گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: بۆ مووچەی دوو مانگی دیکە بەرچاوڕوونیمان هەیە

08-10-2023
پەیمان محەممەد
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن ئەنجوومەنی پارێزگاکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنەیەکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ وردبینی لە ژمارەی مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستانە. دەشڵێت لەنێوان 20 تاوەکو 25ـی ئەم مانگە، بەغدا گوژمەی دووەمی قەرزەکە دەنێرێت.  
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 08-10-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا هەندێک زانیاری سەبارەت بە خەرجی و داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
 
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند، ئێستا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی کێشە و گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی جێبەجێکردنی یاسای بودجە چارەسەر بکەن.
 
بەگوتەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، داهاتی ناوخۆ 320 ملیار دینارە، هونەر جەمال لەوبارەوە دەڵێت: ''داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەوەی کە هەیە شەفاف و روونە، بەڵام ئەم پارەیە کاش نییە و بەشێکی قەرزە، بەشێکی چەکە، بەشێکیشی ئەمانەتە.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، 200 ملیار دیناری خەرجیی مانگانەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها 15 ملیار دیناری شایستەداراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ لە داهاتی نێوخۆ دەدرێن، ئەوەش دەبێتە هۆی کورتهێنانی زیاتر لە کاتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران.
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.
 
''20 تاوەکو 25ـی مانگ، بەغدا 700 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت''
 
دوای سەردانەکەی شاندی باڵای حکومەت بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، کۆبووەوە و بڕیاریدا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتا مانگانە 700 ملیار دینار، ئەمەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئێستا گوژمەیەک واتا 700 ملیار دینار نێردراوە.
 
هونەر جەمال ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت بەشی دووەمی قەرزەکە لە 20 تاوەکو 25ـی مانگ بگاتە هەرێمی کوردستان و ''دەستبەجێ دەست بە ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکەین، دوای ئەوەش لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین و ئومێد دەکەین لە کۆتایی ساڵدا بە رێککەوتنێک بگەین بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی خەرجیی فیعلی بهێندرێتە دەرەوە.''
 
''لیژنەیەکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە هەرێمی کوردستانە''
 
یەکێک لە ناکۆکییەکانی نێوان دوو حکومەت، ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لەبارەی کێشەی میلاکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکی دیوانی چاودێریی دارایی (عێراق) لە هەرێمی کوردستانە، ''هاوئاهەنگیمان لەگەڵیان هەیە بۆ ئەوەی وردبینی لە تەواوی ئەو داتا و زانیارییانە بکەن کە تایبەتن بە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بڕی مووچەکانیان.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتیشی، وەک بەشێک لە پڕۆسەی شەفافیەت، لە هەفتەی داهاتووەوە، تەواوی داتاکان بە ژمارە رادەگەیێنین و داهاتی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023ـش دەخرێتەڕوو و هەرشتێک کە ئێمە بۆ حکومەتی فیدراڵی دەنێرین، هاووڵاتییانیشی لێ ئاگادار دەکەینەوە.''
 
هونەر جەمال جەختی کردەوە، هەر داتا و زانیارییەک کە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق داوای کردووە، ئامادەن و دەخرێتە بەردەستیان، ''دواتریش ئەنجامی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ دیوانەکە رادەگەیێنین.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی لە بازاڕەکانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی عێراق داوای 20 زانیاری لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆپییەکی خشتەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە دوو بەشی زانیاری پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە زانیاریی کەسی مووچەخۆر، وەکو ناوی خۆی، باوکی، باپیری، باپیری باوکی، ناوی دایک و باوکی دایک و باپیری دایک، هەروەها ساڵی لە دایکبوون و رەگەز.