رووداو دیجیتاڵ
دەرگاى ناوتۆمارکردنى تاک بەربژێرى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان داخرا و لە 15 پارێزگاى عێراقدا، 37 کەس ناوى خۆیان تۆمارکردووە.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: رۆژی یەکشەممە (13-8-2023) دەرگاى خۆپاڵاوتن بۆ تاک بەربژێرەکان (تاکانە) بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان داخرا و، ماوەکە درێژناکرێتەوە.
عیماد جەمیل گوتیشى "تاوەکو داخستنى دەرگاى خۆبەربژێریکردن، 37 کەس وەک بەربژێرى تاکانانە ناوى خۆیان تۆمارکردووە."
لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023 و بۆ یەکەمجار لەدواى 10 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک بکرێت.
بەربژێران دەتوانن بە دوو شێواز بەشدار بن، یان بەشێوەى بەربژێرى تاکانە لە دەرەوەى لیست و هاوپەیمانیێتییەکان، یان لەنێو ئەو لیست و هاوپەیمانیێتییانەدا دەبن کە پشت بە ژمارەیەک بەربژێر دەبەستێت.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، ماوەى ناو تۆمارکردنى بەربژێرى لیست و هاوپەیمانیێتییەکان درێژکراوەتەوە بۆ 20ـی ئاب کە ئەویش لە 13ـی ئاب کۆتایی دەهات.
هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بەشێوەى فرەبازنە دەکرێت، کە هەر پارێزگایەک بازنەیەکى هەڵبژاردنە و پەیڕەوى سیستمى سانت لیگۆى 1.7 دەکرێت بۆ ژماردنی دەنگەکان، کە لەبەرژەوەندیی لیستە یەکگرتووەکاندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ