رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەک دەڵێت، ئەگەرێکی بەهێز هەیە نرخی زێڕ بۆ خوار ئاستی 3 هەزار دۆلار دابەزێت و ئێستا کاتێکی هەستیارە بۆ زێڕ.
هەرێم رێبوار، شارەزای بازاڕە داراییەکان دەڵێت، پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ زیانی گەورەی لە کۆمپانیاکانی جیهان داوە، لەنێویشیاندا کۆمپانیا نێوەندگیرەکەی [برۆکەرەکەی] ئێمە و ئەوانی دیکەش".
ئەو شارەزایە دەڵێت، "بەرز و نزمی و ناسەقامگیریی بازاڕ وایکردووە زۆرینەی کڕیارەکانمان تووشی زیان ببن. ئێمەش لە مامەڵەکانی کڕیارەکانمان تەنیا دەستحەقێکی کەم وەردەگرین، کە پێی دەگوترێت {کۆمیشن]."
ئەم قسانەی شارەزایەکە لە کاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی تەلەفزیۆنی رووداو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد.
هەرێم رێبوار باس لەوەشدەکات، "زەرەری کڕیارەکانمان لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە وەک نێوەندگیر، بەڵکو بەرژەوەندیی ئێمە لەوەدایە ئەوان قازانج بکەن و سەرمایەکەیان بمێنێت. لە زەرەری کڕیارەکانمان ئێمە هیچ قازانجێک ناکەین".
لەبارەی ئاستی زیانەکانیشەوە هەرێم رێبوار دەڵێت، "بەپێی قەبارەی مامەڵەکان و بەکارهێنان یان بەکارنەهێنانی لاڤریج "بەرزکەرەوەی دارایی"، قەبارەی زیانەکانی مامەڵەکاران دەگۆڕێت. ئەوەی لاڤریجی بەکارهێنابێت، ئێستا پارەکەی نەماوە و مایەپووچ بووە. ئەگەر بەکاریشی نەهێنابێت، تەنیا بەپێی دابەزینی نرخەکە زیان دەکات".
گوتیشی، "ئێستا زۆر لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان زێڕ نافرۆشن، بەڵکو وەک دەستەبەری دەیبینن".
لەبارەی سنووردارکردنی زیانەکانەوە ئەو شارەزایە پێیوایە، "زۆر لە مامەڵەکارانی هەرێمی کوردستان خاڵی راگرتنی زەرەر [ستۆپ لۆس] بەکارناهێنن، زۆریشیان لە ئاستەکانی 2 هەزار و 950 دۆلار زێڕیان فرۆشتووە، چونکە پێیان وابووە خاڵی بەرگرییە و زیاتر بەرز نابێتەوە".
لەبارەی ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخی زێڕەوە هەرێم رێبوار گوتی، "ئێستا تاوەکو تەمومژی بازاڕ دەڕەوێتەوە، دەبێت مامەڵەکاران بەوریاییەوە مامەڵە بکەن. لەو ئاستەی ئێستای نرخەکەی [ 3038 دۆلار] زێڕ ناکڕم".
گوتیشی، "ئێستا ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکا تووشی سستیی ئابووری ببێت، چونکە ئەم پێناسە گومرگییانەی ترەمپ راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر گەشەی ئابووریی ئەمریکا دەبێت".
پێشیوایە، "لەکاتی سستیی ئابووریشدا نرخی زێڕ، کاڵاکان و پێنوێنەکان و هەموو شتێک دادەبەزێت جگە لە دۆلار".
هەرێم رێبوار گوتیشی، "ئەگەرێکی بەهێز هەیە نرخی زێڕ بگاتەوە ئاستی 2 هەزار و 950 دۆلار؛ لەو ناوچەیەشدا کڕیارێکی زۆر دێنەوە بازاڕ و دەست بە کڕینی زێڕ دەکەنەوە".
ترەمپ دەیەوێت سیاسەتی نەختینەیی بگۆڕێت
هاوشێوەی زێڕ، نرخی نەوتیش دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکردووە. لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 10 دۆلار دابەزیوە و ئێستا بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 65.58 دۆلارە.
عومەر ئەحمەد، بەرپرسی دیسکی ئابووریی لە تۆڕی میدیایی رووداو بەشداربووییەکی دیکەی بووڵتەنەکە بوو گوتی، ئەمە "کورتهێنانێکی گەورەی بودجە لە عێراق دروست دەبێت، چونکە 90٪ـی داهاتی عێراق پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت. بەوەش مانگانە دەکرێت بودجەی عێراق زیاتر لە ملیارێک دۆلار کورتهێنانی هەبێت ئەگەر نرخی نەوت لەم ئاستەی ئێستادا بێت".
ئەو شارەزایە دەڵێت، "کەرتی تایبەتیش زەرەرمەند دەبێت، بۆ نموونە ئۆتۆمبێل، بەتایبەت کە ئۆتۆمبێلی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن و هاوردە دەکرێن".
عومەر ئەحمەد گوتیشی، "بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، کە ئەم دابەزینەی نرخی بازاڕ و پێنوێنە داراییەکان کاتییە و لە درێژخایەندا نرخەکان بەرزدەبنەوە. بەشێکیشیان هەوڵەکانی پێشخستنی ژیریی دەستکرد لە لایەن چینەوە بە هۆکار دەزانن".
ئێستا لە ئەمریکا رێژەی سوود 4.50٪ـە. عومەر ئەحمەد دەڵێت، "ترەمپ داوای کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەکات، چونکە لەم قۆناخەدا ئەگەر ئەمریکا تووشی سستیی ئابووریی ببێت، ئەوە دەبێت سیاسەتی نەختینەییش بگۆڕێت و هاوتەریب لەگەڵی بگونجێندرێت".
پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەم ساڵ دوو جار رێژەی سوود کەمبکاتەوە. بەرپرسی دیسکی ئابووری دەڵێت، "سەرەڕای سیاسەتەکانی ترەمپ، رەنگە بانکەکە هەر دوو جار سوودی بانکی کەمبکاتەوە، بەڵام بە رێژەیەکی زیاتر لە جارەکانی پێشووتر".
ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرەڕای دابەزینەکەی ئێستا و پێشووش، بەڵام بەگشتی ئاراستەی زێڕ بەرزبوونەوەیە."
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 2-4-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر هەموو کاڵایەکدا سەپاند، کە هاوردەی ئەمریکا دەکرێت و رایگەیاند، چیدیکە رێگە بە وڵاتان دیکە نادەن لەسەر حسابی ئەمریکا خۆیان دەوڵەمەند بکەن.
بڕیارەکەی ترەمپ کاریگەریی زۆری لەسەر بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان دانا؛ رۆژی پێنجشەممە 3-4-2025، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 3 هەزار و 167 دۆلار، کە بەرزترین ئاستی بوو لە مێژوودا. بەڵام لە کاتی داخرانی بازاڕەکاندا لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، هەر ئۆنسەیەک زێڕ 75 دۆلار دابەزی و بە 3038 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ