پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق 16.6 تریلیۆن دینارە

03-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 12.6٪ـی کۆی بودجەکە دیاریکراوە کە دوای دەرهێنانی خەرجییەکانی سیادی و حاکیمە و گەشەپێدانی هەرێمەکان، زیاتر لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار دینار دەبێت.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لەنێو رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەردەکەوێت لە بودجەی گشتیی عێراق کە 199 تریلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینارە، پشکی هەرێمی کوردستان بە گشتی دەکاتە 23 تریلیۆن و 882 ملیار و 653 ملیۆن و 399 هەزار دینار، بەڵام خەرجییەکانی (حاکیمە و سیادی)ـی لێ دەردەهێندرێت، بڕی 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینار وەکو پشکی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە کە مانگانە دەکاتە یەک تریلیۆن و 384 ملیار و 136 ملیۆن و 596 هەزار دینار.
 
بڕیارە رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ رەشنووسی بودجە بکات و دواتر لە ماوەیەکی نزیکدا پەسندبکرێت. 
 
ئەم ژمارانە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و پشکی لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023:
 
1- خەرجیی بەکارخستن: 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینار
 
- مووچەی مووچەخۆران: 9 تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن و 616 هەزار دینار
- پێداویستیی خزمەتگوزاری: 1 تریلیۆن و 786 ملیار و 853 ملیۆن و 426 هەزار دینار
- پێداویستیی شمەکی: 453 ملیار دینار
- چاککردنەوەی ئامێرەکان: 215 ملیار و 296 ملیۆن دینار
- بەخشین و هاوکارییەکان و خەرجییەکانی دیکە: 328 ملیار دینار
- چاودێریی کۆمەڵایەتی: 1 تریلیۆن و 346 ملیار  دینار
- قەرز: 400 ملیار دینار قەرزی حکومەتی عێراقە لە ساڵی 2023 لەسەر هەرێمی کوردستان و لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت.
 
2- خەرجیی وەبەرهێنان: 2 تریلیۆن و 710 ملیار و 976 ملیۆن و 121 هەزار دینار
 
رۆژی 3-4-2023، ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی لێکدانەوەکانی ژمارەکان ئەو پشکەی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا هەیەتی باشە، چونکە هیچ دەرچەیەکی دیکە نەماوە، باشترە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت، چونکە ئەو پشکە کەم نییە." گوتیشی: "بەگشتی بودجەکە باشە، بەڵام بودجەی تایبەت بە ماددەی 140ـیش کەمە."
 
ئەحمەد حاجی رەشید بە پێویستی دەزانێت نوێنەرانی کورد لە بەغدا هەوڵ بدەن رێگری لە کەمکردنەوەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە هەندێک دەروازە بتوانن لێرە و لەوێ پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی لە بازاڕەکانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی عێراق داوای 20 زانیاری لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆپییەکی خشتەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە دوو بەشی زانیاری پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە زانیاریی کەسی مووچەخۆر، وەکو ناوی خۆی، باوکی، باپیری، باپیری باوکی، ناوی دایک و باوکی دایک و باپیری دایک، هەروەها ساڵی لە دایکبوون و رەگەز.