پارە لە بەغداوە بۆ مووچە گەیشتە هەرێمی کوردستان

02-11-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن مووچە پاشەوکەوتی مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارە لە بەغداوە خرایە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچە، وەزارەتی دارایی رایگەیاند ئەو بڕەی ئەمڕۆ گەیشتووە 200 ملیار دینارە.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێ بەپێی زانیارییەکانی لە سەرچاوەی باڵاوە، 450 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان، 250 ملیار دینار لەڕێگەی بانکی رەشید و 200 ملیاری دیکەش لەڕێگەی تی بی ئایەوە.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو "بڕیارە رۆژی یەکشەممە، بڕی 250 ملیارەکەی دیکەش لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان.''

 

ئەم زانیارییانەی پەیامنێری رووداو لەکاتێکدان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 2-11-2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بڕی 200 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکییەکەی و لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن، لە ماوەی یەک هەفتەشدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکەن.
 
پێشتر بەغدا یەکجار 700 ملیارەکەی ناردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆیەوە مووچەی مانگی تەممووزی دابینکرد، بەو 700 ملیارەی ئەمجارەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی دەدات، کە وەک لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، ئەمجارەیان بە یەک هەفتە هەمووی دابەش دەکات.
 
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دوێنێ (چوارشەممە، 1-11-2023) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای ''سێ 700 ملیار دینار''ـیی دیکەش کراوە، بۆ ئەوەی مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بدرێت، گوتیشی ''ئومێد دەکەین حکومەتی فیدراڵی بەدەم ئەم داواکارییەوە بڕوات، ئەمە مافێکی دەستووری و سرووشتیی خەڵکی کوردستانە و ئێمە پێداگریی لەسەر دەکەین.''
 
بڕیارە شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر مووچەی مووچەخۆران و چارەسەرکردنی گرفتەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق سەردانی بەغدا بکەنەوە، ئومێد سەباح گوتی ''دوای رێککەوتن لەسەر ئەجێندا، کات و شوێنەکە، ئێمە دەست بە سەردانەکان دەکەین.''
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆلاری ئەمریکی

لە ساڵی 2025 فرۆشتنى دۆلار لە عێراق دەگۆڕدرێت

ساڵی 2025 بانکى ناوەندى فرۆشتنى دۆلار لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى دادەخات و دەیداتە دەست ژمارەیەک بانک، 'فرۆشتنى دۆلار خێرا و زۆرتر دەبێت'، بە گوتەى پسپۆڕێکى بانکى، پێشبینى دەکرێت ئەمە بەهاى دینار بەرزبکاتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو بانکە ئەمساڵ 60.4 ملیار دۆلارى فرۆشتووە کە 93.3%ـی بۆ حەواڵەى دەرەکى بووە و چووەتە دەرەوەى عێراقەوە.