بەغدا بەشی دووەمی 700 ملیار دینارەکەی بۆ هەرێمی کوردستان نارد

25-09-2023
سیروان عەباس
نیشانەکردن مووچە پاشەوکەوتی مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق بڕی 250 ملیار دیناری دیکەی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
دووشەممە 25-09-2023 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە رووداوی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر، حکومەتی عێراق بڕی 250 ملیار دیناری دیکەی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەکاتێکدایە، دوێنێش 250 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و وەزارەتەکەش هەمان رۆژ لیستی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە.
 
بڕیارە حکومەتی عێراق 700 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە قەرز بنێرێت و ئێستا بۆ یەک مانگ، 500 ملیار دیناری ناردووە و 200 ملیار دیناری دیکە ماوە.
 
14ـی ئەم مانگە شاندێک بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر کە تایبەتن بە مووچە سەردانی بەغدایان کرد، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبوونەوە.
 
لەدوای سەردانەکەی شاندە باڵاکەی حکومەت بۆ بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتا مانگانە 700 ملیار دینار، ئەمەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.
 
حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، بۆ تەواوی ئەمساڵ سێ قەرزی 700 ملیاری بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11ـی 2023 بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوان دابەشکردنی مووچە لە مانگی تەمموزەوە دەستپێدەکەن و مووچەکانی دیکەش بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلوول دەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە